هەڵبژاردەی ئەڵمانیا راهێنەری نوێی دەستنیشانکرد

25-05-2021
هێژا خەسرەو
نیشانەکردن هانزی فلیک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەشێوەیەکی فەرمی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا واژۆکردنی گرێبەستی لەگەڵ هانزی فلیک راگەیاند.

چەند هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی یارییەکانی یۆرۆی ئەمساڵ، فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا دوورخستنەوەی یواکیم لوفی راهێنەری هەڵبژاردەکەی راگەیاند، دوای ئەم هەواڵە یانەی بایرن میونشن رایگەیاند لە کۆتایی ئەم وەرزەدا هانزی یانەکەیان جێدەهێڵێت.

سەرەتا وا بڵاوکرایەوە فلیک ببێتە راهێنەری بارسێلۆنا یانە چەند یانەیەکی دیکە کە لەسەر هێڵ بوون بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیدا، بەڵام لە کۆتاییدا فلیک بووە راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و لە دوای یارییەکانی یۆرۆ دەستبەکاردەبێت.

ئەو راهێنەرە تاوەکو دوای یارییەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر وەکو راهێنەری هەڵبژاردەکەی دەمێنێتەوە و مووچەکەشی 6 ملیۆن و نیوە.

ئەم ئەرکەی فلیک شتێکی نوێ نابێت بۆ ئەو، چونکە پێشتر بۆ ماوەی هەشت ساڵ و لەنێوان ساڵانی 2006 بۆ 2014 یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بووە.

فلیک تەمەنی 56 ساڵە، وەکو یاریزان هەرگیز بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا نەکراوە، لە کاری راهێنەرایەتیشدا لە ساڵی 1996ەوە ئەم کارە دەکات و راهێنەری یانەکانی ڤیکتۆریا بۆمێنتاڵ، هۆفێنهایم، رێد بول سالزبورگ و بایرن میونشن بووە و لەگەڵ یانە باڤارییەکە وەرزی رابردوو هەر شەش نازناوەکەی بەدەستهێنا و بووە باشترین راهێنەری جیهانیش.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە