لویس سوارێز هێرشێکی نوێ دەکاتەوە سەر بارسێلۆنا و کۆمان

رووداو دیجیتال

لویس سوارێز، هێرشبەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، هێرشێکی تووندی کردە سەر رۆناڵد کۆمانی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا و بە "خاوەن کەسایەتییەکی لاواز" وەسفی کرد و گوتیشی "ئەوەندە نەمابوو هەندێک وێنەی خۆم بۆ جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ بنێرم".

لویس سوارێز، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، لەبارەی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا لەگەڵ یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، گوتی "بردنەوەی نازناوی خولەکە لەگەڵ یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید باج و کۆششێکی زیاتری پێویستە لەوەی لەگەڵ بارسێلۆنادا بیبەیتەوە، بۆیە زۆر چێژی لێوەردەگرم".

ئەستێرەی ئۆرۆگوایی ئەو هەڤپەیڤینەی بەهەلزانی باسی بیرەوەرییەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا بکات، لەگەڵ یانەیەک کە بە قسەی خۆی رێگەی پێداوە نازناو بباتەوە و وەک یاریزانێک گەشە بکات، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە کەسانێکیش لەو یانەیە هەبوون کە بەهیچ شێوەیەک لای ئەو گرنگ نەبوون، بەتایبەتی کە کارگێڕیی وەرزشیی یانەکە پێیانڕاگەیاند کە رۆژانی لە بارسێلۆنا کۆتاییان پێهاتووە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، کە کێ بە خراپی مامەڵەی لەگەڵ کردووە ئەوکاتەی بارسای جێهێشتووە، سوارێز راستەوخۆ ئاماژەی بە جۆزێپ ماریا بارتۆمیوی سەرۆکی پێشووی یانەکە کرد و گوتی "سەرەتا سەرۆک بارتۆمیو، ئەو هەموو شتێکی بە رۆژنامەکان گوت لەجیاتی ئەوەی تەلەفۆنم بۆ بکات، بۆچی راستەوخۆ بە منیان نەگوت کە منیان ناوێت؟!".

سوارێز لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "نە بارتۆمیو و نە هیچ بەرپرسێکی بارسێلۆنا پەیوەندیان پێوە نەکردم، دوای ئەوەی نازناوی لالیگام بردەوە، بەڵام دەمویست وێنەیەکی بچووکیان بۆ بنێرم، ئەوەندە نەمابوو".

سەبارەت بە رۆناڵد کۆمانی راهێنەری بارساش، سوارێز گوتی "زۆر ئازاریاندام کاتێک منیان نارد بۆ ئەوەی بەتەنیا و دوور لە هاوکارەکانم راهێنان بکەم، بەڵام بۆم دەرکەوت کە کۆمان کەسایەتی ئەوەی نییە یاریزانەکانی دەستنیشان بکات، ئەو پێیگوتم ئەگەر کێشەت لەگەڵ کارگێڕیی چارەسەر بکرێت لە یەکەم یارییدا پشتت پێدەبەستم، بەهەرحاڵ ئەوە بڕیاری راهێنەر نەبوو، لەسەرەوە هاتبوو".

هەروەها دەربارەی ئەگەری بەردەوامبوونی لیۆنێل مێسی لەگەڵ بارسێلۆنا؟ لویس سوارێز جەختیکردەوە "من وەک دۆست و هاوکار و هەوادار حەزدەکەم مێسی لە بارسا بمێنێتەوە، بۆیە هەمیشە سوپاسگوزاری یانەکە دەبم".

سوارێز بۆ دەستنیشانکردنی باشترین راهێنەریش کە سەرپەرشتی ئەوی کردبێت، گوتی "لویس ئێنریکی باشترین راهێنەرە کە تاوەکو ئێستا مەشقی پێداوم، بەهۆی کەسایەتییەکەی و دڵسۆزییەکەی و ئەوەی دەیگوازێتەوە بۆ یاریزانەکانی". 

هێرشبەری پێشووی یانەی بارسێلۆنا، لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەدا، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە هیچ گومانێکی لەوە نییە کە گرێبەستکردن لەگەڵ سێرجیۆ ئەگوێرۆ لە لایەن بارسێلۆناوە گرێبەستێکی سەرکەوتوو دەبێت، چونکە کەس گومان لە تواناکانی هێرشبەری ئەرجەنتینی ناکات.