فەرمی.. مانەوەی چاڤی لە بارسێلۆنا راگەیێنرا

رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا بەفەرمی وەکو راهێنەری یانەکە دەمێنێتەوە.
 
دوای نیوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەکە و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی، بەیەکەوە دەرکەوتن و بەفەرمی مانەوەی چاڤی وەکو راهێنەری یانەکە راگەیێنرا.
 
 
سەرەتا خوان لاپۆرتا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "هەمووتان بەخێربێن، بەخێرهاتنی ئەندامانی دەستەی هونەری و رۆژنامەڤانان دەکەم، دڵخۆشم کە پێتان رادەگەیێنم چاڤی وەکو راهێنەری یانەکە دەمێنێتەوە."
 
دوای ئەوە خوان لاپۆرتا گوتی "هەمووتان دەزانن لە ماوەی رابردوودا ئەو بڕیارییدابوو لە یانەکە بڕوات، قسەمانکرد و گفتوگۆمانکرد بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە بەردەوامبێت، ئەو زۆر بەپەرۆشە و ئامانجی هەیە، لەپێناو ئەم پڕۆژەیەدا."
 
سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "لە رۆژی یەکەمەوە کە بووەتە راهێنەری یانەکە، چاڤی ویستێکی زۆری بۆ کارکردن هەبووە و ئێمە متمانەیەکی زۆرمان پێیەتی و پێمانوایە ئەو باشترینە بۆ یانەکە."
 
خوان لاپۆرتا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "بەپێی ئەزموونی خۆم و وەکو سەرۆکی یانەکە زۆر گرنگە ئارامی لە تیپەکەدا هەبێت، ئێمە لە بارسێلۆنا و چاڤی و هەموو ئەوانەی دیکەش ئەوە دەزانن، ئێمە دەمانەوێت راهێنەرێکمان هەبێت لەرووی هزرییەوە لە بارسێلۆنا بگات، بۆیە پێموایە باشترین بڕیارمانداوە بۆ مانەوەی چاڤی."
 
لاپۆرتا هێشتا گوتی "چاڤی لە یاریزانەکان نزیکە و ئەمە زۆر گرنگە، دڵخۆشم بەوە و ئێمەش ئەوەمان دەوێت، پاڵپشتیی دەکەین و کارگێڕی و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بارسێلۆنا متمانەیەکی تەواویان بە راهێنەرەکە هەیە."
 
دوای ئەوە چاڤی هێرناندێز، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "هەمووتان بەخێربێن، خۆشحاڵم کە لێرەن، دەمەوێت بە کورتی پێتان رابگەیێنم هەمووتان هەستی من بەرامبەر بارسێلۆنا دەزانن، هەمیشە دەمەوێت باشترین بۆ بارسێلۆنا بێت، کارگێڕیی یانەکە متمانەیان بەرامبەر من پێشاندا و هەمووان هەمان شتیانکرد."
 
راهێنەری بارسێلۆنا دەڵێت "پاڵپشتیی یاریزانەکان و هاندەران بۆ من هۆکاربوون بۆ ئەوەی بڕیارەکەم بگۆڕم، پێموایە ئەم پرۆژەیە کۆتایی نەهاتووە و پێویستە بەردەوامبێت."
 
لەبارەی ئەوەی هیچ مەرجێکی خستووەتە بەردەم یانەی بارسێلۆنا بۆ مانەوە لە یانەکەدا، چاڤی رەتیکردەوە هیچ مەرجێکی خستبێتە بەردەم کارگێڕیی یانەکە.
 
چاڤی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە؟ گوتی "بۆ ئەمە جارێ زووە، ئێستا باشترین بڕیارمان لەپێناو پڕۆژەکەدا داوە کە بەردەوامبوونە لە پێناو بەدەستهێنانی نازناوەکانی وەرزی داهاتوو."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا چاڤی باسی لە کۆبوونەوەی شەوی چوارشەممەی لەگەڵ خوان لاپۆرتا و بەرپرسانی بارسێلۆنا دەکات و دەڵێت "دوای چەند خولەکێکی کەم لە کۆبوونەوەکە گەیشتینە رێککەوتن لەسەر ئەوەی بمێنمەوە، هاودەنگییەکی زۆر لەنێو هەموو یانەکەدا هەیە."