وێنە و ڤیدیۆ؛ ماکرۆن دەبێتە یاریزانی تۆپی پێ و گۆڵ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، هاوشانی ژمارەیەکی زۆری ئەستێرە دیارەکان بەشداری لە یارییەکی خێرخوازیدا دەکات و گۆڵێک تۆمار دەکات.
 
یارییەکە لەلایەن یانەی ڤاریتیسی فەرەنسییەوە رێکخراوە و لە یاریگەی بێرنارد جیرۆ بەڕێوەچوو، کە ئامانج لێی کۆکردنەوەی پارەیە بۆ ئۆپەراسیۆنی دراوی زەرد، کە دامەزراوەیەکی فەرەنسییە و کاردەکات بۆ هاوکاریکردنی ئەو منداڵ و هەرزەکارانەی لە نەخۆشخانەکاندا ژیانیان بەسەردەبەن.
 
ئارسێن ڤینگەر، راهێنەری بەنێوبانگی فەرەنسی و پێشووی یانەی ئارسیناڵ، کە ئێستا بەڕێوەبەری گەشەپێدانە لە فیفا راهێنەری تیپێک بوو و تیپەکەی دیکەش جاک ڤیندرۆ، رۆژنامەڤانی فەرەنسی راهێنەرایەتیی دەکرد.
 
لە تیپەکەی ڤیندرۆدا هەریەکە لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دیدێ دیشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، لۆران بلان، رۆدی گارسیا، رۆبێرت پێرێس و دیدێ درۆگبا، ئەستێرەکانی پێشووی تۆپی پێ یارییان دەکرد.

 
لە ریزەکانی تیپەکەی ئارسێن ڤینگەر، هەریەکە لە ساموێل ئیتۆ، ئیمانوێل ئەدیبایۆر، حاجی دیۆف، ئالان جێرێس، بێرنارد مێندی و وێلفرێدی باوکی کیلیان ئێمباپێ یارییاندەکرد.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا بەلێدانی سزا گۆڵێکی تۆمارکرد، هاوکاریی تیپەکەی کرد بۆ بردنەوەی یارییەکە بە پێنج گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ.

 
یارییە خێرخوازییەکە دیمەنی سەرنجڕاکێش و کەشێکی دۆستانەی جوانی تێدا بینرا و ئەوانەی لە یاریگە ئامادەبوون کاتی خۆشیان لەگەڵ یارییەکەدا بەسەربرد.