بارسێلۆنا بڕیارێکی گرنگ لەبارەی لامین یامالەوە دەدات

25-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لامین یامال بارسێلۆنا پاریس سانجێرمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی ئەگەری دەستبەرداربوون لە گەوهەرە بەنرخەکەی لامین یامال، هێرشبەری تیپەکەی دا، دوای ئەوەی چەند هەواڵێک بڵاوبوونەوە سەبارەت بە پێشکێشکردنی دەستەوارەیەکی خەیاڵی بۆ ئەو یاریزانە لەلایەن یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە.
 
چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا و فەرەنسا بڵاویانکردەوە کە یانەی پاریس سانجێرمان ئامادەیە دەستەوارەیەک بە بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ پێشکێشی بارسێلۆنا بکات، بۆ دەستبەرداربوون لە لامین یامال.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، دەستەی کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا رایگەیاند، تاوتوێی هیچ دەستەوارەیەک ناکەن کە هەر یانەیەک بۆ گواستنەوەی یامال پێشکێشیان بکات، بەمەش بەرپرسانی یانەکە بەیەکجارەکی دەرگاکەیان داخست لەسەر هەموو ئەو قسە و باسانەی کە باسیان لە خواستی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەکرد بۆ ئەوەی یاریزانەکە بگوازنەوە لە هاوینی داهاتوودا.
 
رۆژنامەکەی نزیک لە یانە کەتەلۆنییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بارسێلۆنا هۆشداری داوەتە پاریس سانجێرمان بۆ ئەوەی لە لامین یامال نزیک نەبێتەوە، چونکە ئەو یاریزانە هێڵی سوورە لە بارسێلۆنا و بەدڵنیاییەوە لە دەرەوەی لیستی ئەو یاریزانانە دەبێت کە ئەگەری هەیە بە فەرمی کامپ نو جێبهێڵن.
 
بارسێلۆنا دووپاتیکردووەتەوە کە لامین یامال بەدڵنیاییەوە تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی لە مانگی حوزەیرانی 2026 لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە و هیچ ئەگەرێک نییە بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە لە بەرامبەر هەر دەستەوارەیەک، ئەگەر خەیاڵیش بێت.
 
رۆژنامەی لو پاریسیانی فەرەنسی، ئاماژەی بەوە کردووە کە ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، دەستەوارەیەکی 200 ملیۆن یۆرۆیی تەرخانکردووە، و بەنیازە پێشکێشی بەرپرسانی بارسێلۆنا بکات بۆ ئەوەی دەستبەرداری یامال ببن، دوای ئەوەی دڵنیابووەوە کە کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەکەی لە هاویندا ریزەکانی جێدەهێڵێت و روو لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەکات.
 
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، دووپاتیکردەوە کە بارسێلۆنا پێشتر خۆرخی مێندێزی بەرێوەبەری کارەکانی لامین یامالی لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە یاریزانی باڵی راستی تیپەکە نابێتە بابەتی هیچ دانوستاندنێک، بەبێ گوێدانە بەهای ئەو دەستەوارانەی پێشکێشی دەکرێن.
 
لامین یامال، تەمەنی 16 ساڵە و ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2026ـە، بەڵام رێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ بارسا هەیە بۆ درێژکردنەوەی مانەوەی لە ریزەکانی یانە کەتەلۆنییەکە تاوەکو ساڵی 2030.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە