وردەکاریی کۆبوونەوەی چاڤی لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی بارسێلۆنا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا لەگەڵ چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەکەی گەیشتووەتە رێککەوتن، بۆ ئەوەی وەکو راهێنەری یانەکە بەردەوامبێت.
 
شەوی چوارشەممە 24-4-2024 یانەی بارسێلۆنا کۆبوونەوەیەکی لەبارەی داهاتووی چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەکەوە ئەنجامدا و هەردوولا لەسەر بەردەوامبوونی راهێنەرەکە گەیشتنە رێککەوتن و تەنیا راگەیاندنی فەرمی بەردەوامبوونی راهێنەرەکە ماوە.
 
کۆبوونەوەکە لە ماڵی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە ئەنجامدرا، هەریەکە لە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، رافا یوستی و ئەلیخاندرۆ ئاچاڤریا، جێگرانی سەرۆکی یانەکە، دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا و چاڤی هێرناندێز لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی بارسا لەگەڵ چاڤی باسیان لە دۆخی یانەکە لەم وەرزەدا کردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە دوای بڕیاری راهێنەرەکە بۆ بەجێهێشتنی یانەکە دۆخی تیپەکە بەرەو باشی رۆیشت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ماڵئاواییان لە چامپیۆنزلیگ کرد.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، لەو کۆبوونەوەیەدا، دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە داوای لە چاڤی کردووە، گۆڕانکاری لە ستافەکەیدا بکات، هەریەکە لە ئۆسکار هێرناندێزی برای کە یاریدەدەری راهێنەرە و راهێنەری توانای جەستەیی بگۆڕێت، بۆ ئەوەش چەند ناوێکی نوێی خستووەتە بەردەم راهێنەری یانەکەی، بەڵام چاڤی بەو داواکارییە رازی نەبووە، رادیۆی کەتەلۆنیا دەڵێت "چاڤی بە تووڕەییەوە کۆبوونەوەکەی بەجێهێشتووە و گوتوویەتی بەم مەرجانە ناتوانم بەردەوام بم."
 
دوای ئەوە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا قسەیکردووە و چاڤیی رازیکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەکە بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە ستافەکەیدا بکات.
 
بەپێی زانیارییەکان، لەو کۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی گواستنەوەی یاریزانانیش لە گواستنەوەی هاوینەدا کراوە، یەکێک لەو یاریزانانەی گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، بێرناردۆ سیلڤا، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی مانچێستەر سیتییە، کە ماوەیەکی زۆرە ناوی بە یانەی بارسێلۆناوە بەستراوەتەوە.
 
چاڤی هێرناندێز، وەکو راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بەردەوام دەبێت، ئەگەری هەیە ئەمڕۆ یانەکە بەفەرمی ئەوە رابگەیێنیت و خوان لاپۆرتاش لەو بارەیەوە قسە بکات.
 
چاڤی لەگەڵ بارسێلۆنا
 
* لە 6-11-2021 وەکو راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دەستبەکاربووە.
 
* 136 یاریی وەکو راهێنەری بارسێلۆنا ئەنجامداوە، 85 یاریی بردووەتەوە، 28 جار دۆڕاوە و لە 23 یارییدا یەکسانبووە.
 
* تیپەکە لەژێر سەرپەرشتی چاڤی 264 گۆڵی تۆمارکردووە، 151 گۆڵی لێکراوە.
 
* نازناوی لالیگای وەرزی 2022-2023ـی بەدەستهێناوە.
 
* نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای وەرزی 2022-2023ـی بەدەستهێناوە.
 
چاڤی هێرناندێز، لە دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر یانەی ڤیاریال لە یاریگەی خۆیاندا بە 3-5 لە رۆژی 27ـی1ـی2024 رایگەیاند، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا واز لە راهێنەرایەتیی بارسێلۆنا دەهێنێت، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هاندەرانی بارسێلۆنا بەسەر دووبەرەدا دابەشبوون، بەشێکیان لە دژی رۆیشتنی راهێنەرەکەن و بەشەکەی دیکەشیان پێیانوایە چاڤی توانای بەڕێوەبردنی تیپەکەی نییە.
 
گرێبەستی راهێنەری ئیسپانییەکە لەگەڵ بارسێلۆنا لە هاوینی 2024 کۆتاییدێت، بەڵام تاوەکو هاوینی 2025 لە راهێنەرایەتیکردنی یانەکە بەردەوام دەبێت.