شازادەکەی تۆتێنهام دەڵێ بای بای

25-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هاری کەین مانچێستەر یونایتد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئینگلتەرا هاوڕان لەسەرئەوەی کە هاوینی ئەمساڵ، هاری کەین، هێرشبەری یانەی تۆتێنهام هۆتسپێر لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، ریزەکانی ئەو یانەیە بەجێدە‌هێڵێت.
 
هەندێک لە سەرچاوە میدیاییەکان دەڵێن رووگەی داهاتووی کەین، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییە. بەڵام هەندێک لە میدیاکان گوتوویانە هاری کەین نزیکە لە پەیوەندیکردن بە یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلزییەوە.
 
رۆژنامەی 'تێلێگراف'ی بەریتانی دەڵێ، تۆتێنهام ناچارە لە دەستهەڵگرتن لە هاری کەین، پاشئەوەی ئەو یاریزانە بۆی یەکلابووەوە یانەکەی لە خراپترین دۆخی خۆیدایە و پاش ساڵانێکی زۆر لە یاریکردن لەو یانەیە، هیچ نازناوێکی بەدەستنەهێنا.
 
'تێلێگراف' دەڵێ، کارگێڕیی یانە لەندەنییەکە رازییە بە رۆیشتنی کەین، لە بەرامبەردا داوای 100 ملیۆن پاوەند دەکات بۆ هەر یانەیەک بیەوێت گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزاندا بکات.
 
رۆژنامەکە دەڵێ ئەو نرخەی تۆتێنهام لە کۆتاییدا قبووڵی دەکات بۆ دەستبەرداربوون لە کەین، دەگاتە نزیکەی 80 تاوەکو 90 ملیۆن یۆرۆ و یانەکە بەو نرخە دەستبەرداری کەین دەبێت.
 
بەپێی هەمان رۆژنامە، ئەو نرخەی بۆ هاری کەین دانراوە، لە بەرژەوەندی پاری سانجێرمانە، چونکە تێچووی بەدەستهێنانی هێرشبەرێکی سەرەڕمی وەک کەین، زۆر کەمترە لەو هێرشبەرانەی دیکە کە پاریس بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵیاندا دەکاتەوە.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بە ئامانجەکانی سانجێرمان لە بازاڕی گواستنەوەدا کردووە، دەڵێ ڤیکتۆر ئۆسیمین و رانداڵ کۆلۆ موانێ، کە پاریس سانجێرمان ویستی گرێبەستکردنی لەگەڵیاندا هەیە، تێچووەکەیان زۆر لە تێچووی گرێبەستکردن لەگەڵ کەین زیاترە.
 
بەپێی راپۆرتی ئەو رۆژنامەیە، هیچکام لە ئۆسیمین و موانێ ناتوانن بە 100 ملیۆن یۆرۆ یانەکانیان بەجێبهێڵن، چونکە یانەکانیان داوای نرخی زیاتر دەکەن.
 
گرێبەستی هاری کەینی 29 ساڵ، لە مانگی حەوتی ساڵی 2024 کۆتایی دێت، ئەو یاریزانە دەیەوێت ئەزموونێکی نوێ تاقیبکاتەوە.
 
هەندێکی دیکە لە میدیاکانی ئینگلتەرا دەڵێن، داهاتووی کەین لە ئۆڵدترافۆردە. چونکە مانچێستەر یونایتد دەیەوێت هێرشبەرێکی سەرەڕمی باش بکڕێت، یاریزانەکەش پێی باشە تاوەکو کۆتایی کاروانی یاریکردنی خۆی، لە کەشوهەوای پرێمەرلیگدا بمێنێتەوە و نەچێتە خولێکی نوێ کە شارەزایی لێی نییە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە