سەرۆکی ئاتلێتیکۆ مەدرید: هیوادارم مێسی و رۆناڵدۆ بگەڕێنەوە خولی ئیسپانیا

25-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئینریکی سیریزۆ، سەرۆکی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، باسی لە ئەگەری گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ ریزەکانی بارسێلۆنا کرد.
 
مێسی هاوینی 2019 بەخۆڕایی لە بارسێلۆنا چووە دەرەوە و پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە کرد، پاش کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ بلوگرانا.
 
ئێستا دەنگۆکان لەبارەی گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا زۆر گەرمن، بەرپرسانی یانە کەتەلۆنییەکە ویستی ئاشکرای خۆیان بۆ گێڕانەوەی مێسی راگەیاندووە.
 
سیریزۆ، لە لێدوانی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئەو رووداوەوە گوتی، نایاب دەبێت ئەگەر مێسی و رۆناڵدۆ پێکەوە بگەڕێنەوە خولی ئیسپانیا.
 
لە بەرامبەر گەرمیی دەنگۆکانی گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا، هیچ دەنگۆ و ئەگەرێک لەبارەی گەڕانەوەی رۆناڵدۆوە بۆ ریال مەدرید یان یەکێک لە یانەکانی دیکەی ئیسپانیا نییە. ئەو یاریزانە بەگرێبەستێکی دوو ساڵە بەبەهای 400 ملیۆن یۆرۆ، پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعودییەوە کرد.
 
سەرۆکی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، دەڵێ هیوادارم هەردوو ئەستێرەکە بگەڕێتەوە لالیگا، پێشوازیی لەو رووداوە دەکەین ئەگەر رووبدات، ئەوان لە ماوەی رابردوودا رکابەرییەکی گەورەیان لە لالیگادا هەبوو، وایانکرد پاڵەوانێتییەکە ببێتە باشترینی سەرئاستی هەموو جیهان.
 
سیریزۆ زیاتر دەڵێ، "پێموایە گەڕانەوەی مێسی بۆ خولی ئیسپانیا و گەڕانەوەی کریستیانۆش، دەبێتە رووداوێکی گرنگ، هەردوو یاریزانەکە لە یاریکردن بەردەوامن و ناوازە دەبێت ئەگەر بێنەوە ئیسپانیا".
 
هاندەرانی ئاتلێتیکۆ، هاوڕای سەرۆکی یانەکەیان نین لەبارەی گەڕانەوەی ئەو دووانەیەوە، چونکە پێشتر رۆناڵدۆ بووەتە گۆڵکەری مێژوویی یانەی ریال مەدرید لە ئاتلێتیکۆ مەدرید و هەمان یاریزان دواتر لە یوڤێنتوسیش گورزێکی کوشندەی لە ئاتلێتکۆ دا و ئەو یانەیەی لە چامپیۆنزلیگی 2019، کردە دەرەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە