پلانی دووەمی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی هاوینە

25-04-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یاریگەی کامپ نۆو بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، 5 ناوی لە لیستی پلانەکانیدا داناوە، بۆ ئەوەی لە ئەگەری شکستهێنان لە گواستنەوەی لاوتارۆ مارتینێز، گرێبەست لەگەڵ یەکێکیان واژۆبکات.

سەرەرای ئەوەی جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دووپاتیکردووەتەوە لە گواستنەوەی هاوینەدا پێویستی بە چەند یاریزان هەبێت دەیگوازێتەوە، بەڵام ئەمە ئاسان نییە لەکاتێکدا بەهۆی کۆرۆناوە لەرووی داراییەوە کێشە بۆ یانەکە دروستدەبێت.

میدیای ئیسپانیا ناوی ئەو پێنج یاریزانەی ئاشکراکردووە، کە وەک پلانی دووەمی بارسێلۆنا دانراون، ناوی تیمۆ ڤێرنەر، هێرشبەری یانەی لایپزیگی ئەڵمانی لە پێشەوەی پلانەکەیە و لە ئەگەری شکستهێنانی بارسا لە گواستنەوەی لاوتارۆ، یانەکە دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە واژۆبکات.

گواستنەوەی تیمۆ ڤێرنەر، بۆ بارسێلۆنا ئاسان نابێت لەکاتێکدا ئەو یاریزانە پێشتر ویستی خۆی بۆ پەیوەندیکردن بە پرێمەرلیگ پێشانداوە و یانەی لیڤەرپوولیش گرنگی بە گواستنەوەی دەدات.



ناوی دووەمی نێو لیستەکەی بارسێلۆنا کە وەک پلانی بی ناوی دەهێنرێت، تامی ئەبراهام، هێرشبەری گەنجی یانەی چێڵسییە، گواستنەوەی ئەم یاریزانە بۆ بارسا ئاسان دەبێت، لەکاتێکدا ئەگەر یانە لەندەنییەکە بیەوێت گرێبەست لەگەڵ فیلیپی کۆتینۆ واژۆبکات.

ئەلیکساندەر ئیزاک، هێرشبەری گەنجی هەڵبژاردەی سوێد و یانەی ریال سۆسیداد، بژاردەی سێیەمی بەردەم یانە کەتەلۆنییەکە، بەتایبەت کە لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات و 14 گۆڵ و 3 ئاسیستی هەبووە.

دوایین دوو ناوی نێو ئەو لیستەی بارسێلۆنا کە لە میدیای ئیسپانیادا بڵاوکراوەتەوە، ناوی هەریەکە لە جۆناسان دەیڤد، یاریزانی گەنجی یانەی خیتنی بەلجیکی و ڤیکتۆر ئوسمین، هێرشبەری گەنجی یانەی لیلی فەرەنسییە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە