کۆریای باشوور و ئوردن یاریی لووتکە دەکەن

25-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کۆریای باشوور ئوردن پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یاریی لووتکەی رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دووەم لە پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال، لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی کۆریای باشوور و ئوردن دەبێت.
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە یارییەکی بەهێز و سەرنجڕاکێشدا، هەڵبژاردەی کۆریای باشوور لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا، بەسەرکردایەتیی سۆن هیونگ مین میوانداریی هەڵبژاردەی ئوردن دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی دیکە و نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە مۆندیال.
 
کۆریای باشوور تاوەکو ئێستا لە 7 گەڕی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، خاوەنی چوار بردنەوە و سێ یەکسانبوونە، تیپەکە لە یاریی رابردوودا بەرامبەر عومان یەکسانبووە و دەیەوێت قەرەبووی ئەو یەکسانبوونە بکاتەوە.
 
بەر لە یارییەکە کۆریای باشوور لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەدا خاوەنی 15 خاڵە و سێ خاڵ لە ئوردن و عێراقەوە دوورە.
 
هەڵبژاردەی ئوردن یەک یاریی لەم قۆناخەی پاڵاوتنەکاندا دۆڕاندووە، ئەویش لە یاریگەی خۆیدا بوو بەرامبەر کۆریای باشوور، ئەمڕۆ تیپەکە چاوی لەوەیە قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە و بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت پلەی دووەم لەدەست نەدات.
 
ئوردن لە دوای جامی ئاسیای رابردووەوە بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت، جگە لە یارییەکەی ئەمڕۆ دوو یاریی دیکەی بەرامبەر عومان و عێراق ماوە بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە مۆندیالی 2026.
 
هەڵبژاردەی ئوردن هەرگیز نەگەیشتووەتە مۆندیال، ئەمجارە هەلێکی گەورەی لەبەردەمە و نایەوێت بە ئاسانی ئەو هەلەی لەدەست بچێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە