تۆنی کرووس باسی ئێمباپێ و مانەوە لە ریال مەدرید دەکات

25-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
تۆنی کرووس، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید باس لە داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەکە دەکات، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی بەرەو کۆتایی دەچێت.
 
کرووس ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە و دوای بردنەوەیان لە فەرەنسا، خۆیان بۆ یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی هۆڵەندا ئامادەدەکەن کە سبەی شەو ئەنجامدەدرێت.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کرووس لە دوای یارییەکانی یۆرۆی 2024 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێ دەکاتەوە.
 
ئەستێرە ئەڵمانییەکە لەبارەی داهاتووی خۆیەوە دەڵێت "مانگێک تاوەکو دوو مانگی داهاتوو بڕیار لەبارەی داهاتووی خۆمەوە دەدەم، بابزانین چی روودەدات."
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی جیهانی دەڵێت "ریال مەدرید بەهەموو هێزی خۆیەوە کاردەکات بۆ ئەوەی کرووس لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت."
 
لەبارەی نزیکبوونەوەی کیلیان ئێمباپێ لە یانەی ریال مەدرید، تۆنی کرووس دەڵێت "هەمیشە دەمانەوێت باشترین یاریزانەکان لە ریال مەدرید بن و ئەویش یەکێکیانە، بەڵام نازانم بڕیاری ئەو چییە."
 
تۆنی کرووس لە 2014ـەوە لە یانەی ریال مەدرید یاریی دەکات، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی شاهانە لە هاوینی 2024 کۆتاییدێت و هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ رۆیشتنی ئەو یاریزانە لە یانەکە.
 
پێشتر ئەو ئەستێرەیەی ریال مەدرید رایگەیاندبوو، پەیوەندیی لەگەڵ یانەکە زۆرباشە و هیچ کێشەیەکی لە هیچ روویەکەوە لەگەڵ یانەکە نییە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە