دانی ئەلڤێش ئازاد دەکرێت

25-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دانی ئەلڤێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دانی ئەلڤێش، ئەستێرەی بەرازیلی دوای چەندین مانگ مانەوە لە زینداندا بە کەفالەت ئازاد دەکرێت.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی رایگەیاند، دوای ئەوەی پارەی پێویست کە یەک ملیۆن یۆرۆیە درا، ئەمڕۆ دانی ئەلڤێش بەکەفالەت ئازاد دەکرێت، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتێک لە بارسێلۆنا زیندانیکرا.
 
سەرچاوەکە دەڵێت "یاریزانە 40 ساڵەکە، دوای 14 مانگ مانەوە لە زینداندا ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 17:00 بەکاتی ناوخۆی بەریتانیا و 20:00 بەکاتی باشووری کوردستان ئازاد دەکرێت."
 
دانی خاوەنی دوو منداڵە، هەفتەی رابردوو دادگا رازیبوونی خۆی بۆ ئازادکردنی ئەو یاریزانە بە کەفالەت لە بەرامبەر پێدانی یەک ملیۆن یۆرۆ پێشاندا، بەڵام کەس نەبوو ئەو پارەیە بدات، بۆیە یاریزانەکە لە زینداندا مایەوە.
 
بەپێی بڕیاری دادگا دوای ئازادکردنی یاریزانەکە پێویستە هەفتانە ئەلڤێش بچێتە بەردەم دادگا.
 
بەهۆی ئەو بڕیارەی بەسەریدا سەپێنرا، دانی ئەلڤێش رووبەڕووی بارودۆخێکی دەروونی زۆر خراپ بووەوە و لە ماوەی رابردوودا چەندین هەواڵ لەسەری بڵاوکرانەوە کە یەکێکیان ئەوە بوو گوایە یاریزانەکە بیر لە خۆ کوشتن دەکاتەوە، بەڵام ماڵباتی یاریزانەکە ئەوەی رەتکردەوە.
 
دانی ئەلڤێش بە کەفالەت ئازاد دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دیارنییە کە کێ پارەی ئازادکردنەکەی دەدات، لەکاتێکدا خۆی لە رووی داراییەوە مایەپووچ بووە و بەپێی قسەی پارێزەرەکەی تەنیا 51 هەزار یۆرۆ لەسەر هەژماری بانکی ئەو یاریزانەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە