ڤیدیۆ؛ مارای ماڵئاواییکرد و مێدڤێدێڤ بردنەوەیەکی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاندی مارای بەریتانی، لە دووەم دەرکەوتنیدا لە رکابەرییەکانی تێنسی مەیامی ماڵئاواییکرد، کاتێک بەرامبەر تۆماس ماچاکی چیکی دۆڕا.
 
سەرەتای یاریی نێوان هەردوو تێنسزانەکە بەهێز و سەرنجڕاکێش بوو، مارای بە حەوت پێنج کۆمەڵەی یەکەمی بردەوە، بەڵام رکابەرەکەی وەڵامێکی باشتری دایەوە.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، ماچاک بە هەمان ئەنجامی کۆمەڵەی یەکەم بە حەوت پێنج، یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
یارییەکە چووە کۆمەڵەی یەکلاکەرەوە و هەستیار، تێنسزانە چیکییەکە لە تای برێکدا بە حەوت شەش سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە سێ کاژێر و 27 خولەکدا خۆی گەیاندە قۆناخی 16 و رووبەڕووی ماتیۆ ئارناڵدیی ئیتاڵی دەبێتەوە.
 
دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی و پاڵەوانی ساڵی رابردووی پاڵەوانێتییەکە قۆناخێکی دیکەی بڕی و ئەمجارە لە کامیرۆن نوریی بەریتانیی بردەوە.
 
تێنسزانە رووسییەکە دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوەکەی بکات، لەم یارییەشدا بەهێزەوە دەستی بە رکابەریکردن کرد و کۆمەڵەی یەکەمی دوای ماندووبوونێکی زۆر بە حەوت پێنج بردەوە و پێشکەوت.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، مێدڤێدێڤ باشتر لە کۆمەڵەی یەکەم دەرکەوت و هەلی رکابەریکردنی نەدایە کامیرۆن، ئەم کۆمەڵەیەی بە شەش یەک بردەوە و دوای کاژێرێک و 21 خولەک خۆی گەیاندە قۆناخی 16.
 
یاریی داهاتووی تێنسزانە رووسییەکە بەرامبەر دۆمینیک کۆێپفێری ئەڵمانی دەبێت.
 
 
گریگۆر دیمیترۆڤی بولگاری یەکێکی دیکەیەکە لە سەرکەوتووەکانی قۆناخی 32ـی پاڵەوانێتییەکە، ئەو سەرکەوتنی بەرامبەر ئەلیخاندرۆ تابیلۆی چیلی بەدەستهێنا.
 
ئەوەی چاوەڕواندەکرا رووینەدا و دیمیترۆڤ رووبەڕووی زەحمەتییەکی زۆر بووەوە، کۆمەڵەی یەکەم بە تای برێک بە حەوت شەش لە بەرژەوەندی تابیلۆ کۆتاییهات.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا گریگۆر بە هەمان ئەنجام یارییەکەی یەکسانکردەوە و حەوت شەش ئەنجامی کۆمەڵەکە بوو.
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا، ئاستی تێنسزانە چیلییەکە دابەزی، ئەزموونی دیمیترۆڤ ئەو کۆمەڵەیەی بە شەش دوو یەکلاکردەوە و تێنسزانە بولگارییەکە دوای کاژێرێک و 18 خولەک شوێنی خۆی لە قۆناخی شازدە کردەوە.
 
لە یاریی داهاتوودا گریگۆر دیمیترۆڤ بەرامبەر یانیک هانفمانی ئەڵمانی یاریی دەکات.
 
یانیک سینێری ئیتاڵی شوێنی خۆی لە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکەدا کردەوە و بە زەحمەت سەرکەوتنی بەرامبەر تالۆن گریکسپۆری هۆڵەندی بەدەستهێنا.
 
سینێر لە کۆمەڵەی یەکەمدا ئاستێکی بەرزی پێشکێشنەکرد، تێنسزانە هۆڵەندییەکە ئەو کۆمەڵەیەی بە حەوت پێنج بردەوە و پێشکەوت.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا یانیک باشتر دەرکەوت و بە هەمان ئەنجامی کۆمەڵەی یەکەم یارییەکەی یەکسانکردەوە و رکابەرییەکە چووە کۆمەڵەی سێیەم و یەکلاکردەوە.
 
لە دوایین کۆمەڵەی رکابەرییەکەدا، سینێر بەهێزەوە یاریگەی کۆنتڕۆڵکرد و بە شەش یەک ئەو کۆمەڵەیەی بردەوە و بە دوو کاژێر و 23 خولەک خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتوو.
 
یاریی داهاتووی یانیک سینێر بەرامبەر کریستۆڤەر ئۆکۆنێلی ئوسترالی دەبێت.