هالاند داوای گۆڕانکاریی گەورە لە یاساکانی تۆپی پێ دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، ئاشکرایکردووە بیرکردنەوەی لەبارەی ئێستا و داهاتووی تۆپی پێوە چۆنە.
 
ئەو ئەستێرە نەرویجییە لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ پێویستە سیستمی ڤاری پەیڕەوکراو لە ناو گۆڵدا، لە هەموو شوێنەکانی یاریگەدا بەکاربهێنرێت و پشتی پێببەسترێت، تەنانەت لەسەر هێڵی هەرچوارلای یاریگە.
 
هالاند هەروەها بێئومێدی و بێزاریی خۆی بەرامبەر یاساکانی ئێستای تۆپی پێ لە هەڵدانی لا نەشاردووەتەوە و داوا دەکات یاساکان روونتر بن و هەڵدانی لا لەبری ئەوەی بەدەست بێت، بەقاچ بێت. 
 
ئێرلینگ کە لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکەیدا دووچاری پێکانبووە و ماوەی دوورکەوتنەوەی لە یاریگەکان دیار نییە، دەڵێ دەبێ یاساکان روونتر و ئاشکراتربن تاوەکو کەس ناهەقی بەرامبەر نەکرێت وەکئەوەی ئێستا هەندێکجار روودەدات.
 
گۆڵکەری تاوەکو ئێستای پرێمەرلیگ بە 18 گۆڵ، دەڵێ، "گرنگ نییە چۆن و بەچ شێوازێک هەڵدانی لایەکە جێبەجێدەکەیت، تەنیا ئەوە گرنگە کە دەستت لە تۆپەکە بەرزتر بێت.. من تاوەکو ئێستا لەم یاسایە تێنەگەیشتووم، ئەگەر هەڵدانی لا جێبەجێ بکەم بەدڵنیاییەوە هەڵە دەکەم و لە یاساکە لادەدەم".
 
ئەو لەبارەی بەفیڕۆدانی کاتەوە، ئەو دەڵێ، "ناتوانی لە چەند مەترێکدا کات بدزیت، دەبێ سنوورێک هەبێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ماوەیەی دەتوانیت بیبڕیت و ئەو کاتەی پێیدەچێت بۆ بڕینی ئەو ماوەیە، پێموایە لە داهاتوودا دەبێ بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ بەفیڕۆدانی کاتدا بکرێت".
 
هالاند یەکەم کەس نییە داوای گۆڕانکاری لەیاسا بەرکارەکانی ئێستای تۆپی پێدا دەکات، پێشتر ئارسن ڤینگەر و چەندین کەسی دیکە هەمان داواکارییان هەبووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەوەی ببنە بڕیار و جێبەجێ بکرێن.
 
لە چەند ساڵی رابردوودا، تەکنەلۆجیا بەخێرایی هێنراوەتە نێو دونیای تۆپی پێوە، لەوانەش ڤار و چاوی هەڵۆ و هێڵی گۆڵ کە بەشێکی بەرچاو لە دادپەروەرییان بۆ تۆپی پێ مسۆگەرکردووە.