یەکەم لێدوانی توخێل دوای وەرگرتنی راهێنەرایەتی بایرن میونشن

25-03-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تۆماس توخێل بایرن میونشن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، بەشێوەیەکی فەرمی تۆماس توخێلی وەک راهێنەری نوێی یانەکەی ناساند و دەڵێت "لەگەڵ ئەم تیپە دەتوانین رکابەری لەسەر بردنەوەی هەموو نازناوەکان بکەین."
 
توخێل شەوی هەینی وەک راهێنەری بایرن میونشن دیارییکرا، بۆ جێگرتنەوەی یولیان نایگلێسمان، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بە میدیاکان ناسێنرا و راهێنەرەکە گوتی "بەرپرسیارەتییەکی گەورەیە کە راهێنەرایەتی ئەم تیپە گەورەیە وەردەگرم، بایرن میونشن یەکێکە لە باشترین یانەکان و بەهرەمەندترین یانەکانی ئەوروپایە لە هەموو ئاستەکاندا، بۆ من شەرەفێکی گەورەیە کە گرێبەست لەگەڵ ئەم یانەیە دەکەم، دەمەوێت سوپاسی زۆری ئۆلیڤەرکان، حەمیدزیچ، هێربەرت هاینەر و ئۆلی هونیس بکەم بۆ ئەو متمانەیەی بە منیان داوە و دڵنیام کە ئەمە شەرەفێکی گەورەیە کە ئەوان بەمنیان بەخشیوە."
 
راهێنەری نوێی بایرن دەڵێت "کارێکی زۆرباشە کە لەگەڵ ئەم تیپە کاردەکەم، دەتوانیت لەگەڵ ئەم تیپەدا رکابەری لەسەر بردنەوەی هەر نازناوێک بکەیت، ئەوەش بۆ من پابەندبوونێکی گەورەیە، چەند هۆکارێک هەبوون بۆ ئەوەی دەستەوارەی بایرن میونشن قبوڵ بکەم، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە لە نزیک ماڵباتەکەمەوە کاردەکەم، ئەمەش وایکرد بەخێرایی گرێبەستەکە قبوڵ بکەم."
 
تۆماس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە رۆژنامەڤانانی گوت "کاتێک تۆ بۆ ماوەیەک لە دەرەوەی وڵات کاردەکەیت لە گرنگی بایرن میونشن تێدەگەیت، دی ئێن ئەی یانەکە، کارکردنی یانەکە و رێگاکەکەی کە هەمووی لە پێناو بردنەوەی نازناوە لە یانەکەدا."
 
راهێنەری پێشووی چێڵسی دووپاتیکردەوە کە بایرن تەنیا سەرکەوتنی دەوێت و گوتی "نێوەڕووکی بایرن میونشن سەرکەوتنە، هەروەها شێوازی یارییکردنی تۆپی پێ لە یانەکەدا بەهەمان شێوە، ئەم تیپە لە بەهێزترین و باشترین یانەکانی ئەوروپایە، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کارکردنم لەگەڵ تیپەکە و دەتوانین رکابەری لەسەر بردنەوەی هەموو نازناوەکان بکەین."
 
بایرن میونشن بەهۆی دابەزینی ئاستی یانەکەیەوە لە خولی ئەڵمانیادا، بڕیارییدا یولیان نایگلێسمان لە راهێنەرایەتی یانەکەی دووربخاتەوە و تاوەکو 2025 گرێبەستی لەگەڵ تۆماس توخێل واژۆکرد.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە