بەهۆی ڤینیسیۆسەوە، لالیگا سکاڵا لەسەر بارسێلۆنا تۆمار دەکات

25-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید لالیگا ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی سەرپەرشتیاری لالیگای ئیسپانیا، هەشتەمین سکاڵای دژ بەو رەگەزپەرستانە تۆمارکرد، کە هێرشی رەگەزپەرستییان کردبووە سەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی لاوی ریال مەدرید.
 
دەستەکە ئەو هەنگاوەینا، پاشئەوەی لە یاریی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە خولی ئیسپانیا، ڤینی رووبەڕووی دروشمی رەگەزپەرستانە بووەوە و هەندێک هاندەر بە دەنگی بەرز لە یاریگەدا گوتیان، "مەرگ بۆ ڤینیسیۆس".
 
بارسێلۆنا یارییەکەی بە 2 - 1 گۆڵ بردەوە و بەوەش یانەکە بەجیاوازیی 12 خاڵ پێش ریال مەدریدی رکابەری کەوت و بە ئەگەری زۆرەوە نازناوی لالیگای مسۆگەر کرد.
 
لالیگا ئاشکرایکرد، لەسەر رووداوەکانی سووکایەتی بە ڤینیسیۆس، سکاڵای لەسەر یانەی بارسێلۆنا لە دادگای شارەکە تۆمارکردووە.
 
لالیگا بڵاوکراوەیەکی لەوبارەیەوە راگەیاندووە و تێیدا دەڵێ، لەسەر بنەمای ئەو رووداوانەی لە یاریی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید روویانداوە و تێیدا هەڵسوکەوتی رەگەزپەرستانەی بەرگەنەگیراو دژ بە ڤینیسیۆس جۆنیۆر ئەنجامدراوە، لالیگا سکاڵای لای دادگای بارسێلۆنا تۆمارکردووە و لە رووداوەکان ئاگاداری کردووەتەوە.
 
لالیگا هەروەها دەڵێ، ئەمە هەشتەمینجارە لای دەزگا پەیوەندیدارەکان سکاڵا لەسەر هەمان دۆسێ تۆمار دەکەین و سکاڵای خۆمان گەیاندووەتە لای دەزگا بەرپرسەکان بەتۆمەتی سووکایەتی رەگەزپەرستانە بەرامبەر ڤینیسیۆس.
 
پێشتر یانەی ریال مایۆرکا، هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی، ئەندامێکی یانەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ راگەیاندبوو، پاشئەوەی دووجار سووکایەتی بە ڤینیسیۆس جۆنیۆر و ساموێل چۆکویزی یاریزانی ڤیاریال کردبوو.
 
هاوکات یانەی ڤایادۆلید، لە فێبرایەری رابردوودا، راگرتنی دوانزە هاندەری یانەکەی لە هەڵگرانی بلیتی وەرزیی راگەیاند پاشئەوەی لە یاریی یانەکە بەرامبەر ریال مەدرید، بەهەمان شێوە سووکایەتییان بە ڤینی کردبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە