بەرازیل بەرامبەر چوارەمی مۆندیال یارییدەکات

25-03-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی بەرازیل یەکەم یاریی خۆی دوای مۆندیالی 2022 ئەنجامدەدات و لە یارییەکی دۆستانەدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی مەغریب دەبێتەوە.
 
یارییەکە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە کاژێر 01:00 لە یاریگەی تەنجە بەڕێوەدەچێت، بەرازیل رۆژی هەینی دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە لە یاریگەی بن بتوتە ئەنجامدا و هەڵبژاردەکە دەیەوێت یەکەم یاریی دوای مۆندیال بباتەوە.
 
بۆ ئەم یارییە کاسیمێرۆ کراوەتە کاپتنی هەڵبژاردەکە و رامۆن مێنێزێس سەرپەرشتی مەشقدانەوەی هەڵبژاردەی سیلیساو دەکات، تاوەکو راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکە دەستنیشاندەکرێت.
 
لە یارییەکەدا هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ رێزگرتن لە پێلێی ئەفسانەی کۆچکردووی وڵاتەکەیان لەسەر درێسەکەیان ناوی ئەو یاریزانە دەنووسن.
 
چاوەڕواندەکرێت مێنێزێس بۆ یارییەکە هەل بداتە یاریزانانی تیپی خوار 20 ساڵانی هەڵبژاردەی بەرازیل، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو یاریزانەکانی ئەو تیپەی سیلیساو ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکرد.
 
هەڵبژاردەی مەغریب لە مۆندیالدا پلەی چوارەمی بردەوە و بووە سوپرایزی پاڵەوانێتییەکە، لە یارییەکەی بەرامبەر بەرازیل دەچێتە نێو قۆناخێکی نوێ.
 
 وەلید ئەلرکراگی، راهێنەری مەغریب دەڵێت "بەهەمان ورەی مۆندیالەوە رووبەڕووی هەڵبژاردەی بەرازیل دەبینەوە، یاریزانەکان زۆر بەپەرۆشن و داوا لە هاندەران دەکەم لە کاتی لێدانی سروودی نیشتمانی بەرازیل هیچ کاردانەوەیەکی خراپیان بەرامبەر یاریزانەکانی بەرازیل نەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە