هەولێر رووداو
شاندی هەڵبژاردەی تۆپی پێی یەکەمی عێراق گەیشتە شاری سانتپیترسبۆرگ بە مەبەستی ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردەی رووسیا.
هەڵبژاردەی عێراق بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەشتی رووسیای کرد، بڕیارە ئەمڕۆ دوای یەکەی راهێنانی تیپەکە لەسەر یاریگەی زینێت ئەنجام بدرێت بەر لەوەی سبەی یەکشەممە لەسەر هەمان یاریگە عێراق ململانێی رووسیا لە یارییەکی دۆستانەدا بکات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، پلانی کەمپی راهێنانی لە رووسیا دانابوو، بەڵام نەبوونی فڕۆکە وایکرد کەمپەکە ئەنجام نەدرێت و تەنیا تیپەکە یارییەکی دۆستانە ئەنجام بدات.
شەوی رابردوو دوای ئەوەی شاندی عێراق گەیشتە سانتپیترسبۆرگ لە فڕۆکەخانە لە لایەن ماجید کینانی کونسوڵی عێراق لە رووسیا لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی رووسیا پێشوازییان لێکرا.
غالب زاملی، سەرۆکی شاندی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق، لە رووسیا بە رووداوی راگەیاند " تیپەکەمان لەو پەڕی ئامادەباشیدایە و دەمانەوێت یارییەکە لە رووسیا ببەینەوە، متمانەشمان بە راهێنەرمان هەیە و دەزانین پلانێکی باشی داناوە ".
هەڵبژاردەی عێراق دوای بردنەوەی نازناوی جامی کەنداوی 25 لە بەسرە ئەمە یەکەم یارییە ئەنجامی دەدات، عێراق بەر لە گەشتەکەی بۆ رووسیا چەند رۆژێک لەسەر یاریگەکانی شاری بەغدا راهێنانی ئەنجامدا.
هەڵبژاردەی رووسیا دوای سزادانی لەلایەن فیفا و دابڕانی لە چالاکییە نێودەوڵەتییەکان، ئەمە دووەم یاریی نێودەوڵەتییە ئەنجامی دەدات، پێشتر هەڵبژاردەکە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران یاریکرد.
خیسۆس کاساسی ئیسپانی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقە، ئەم پیاوە بووەتە جێگای بایەخی عێراقیەکان و پلانی بۆ گەیشتنی عێراق بۆ مۆندیالی 2026 داڕشتووە.
لە ریزی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق 4 یاریزانی کورد یاریدەکەن کە بریتین لە ئاسۆ رۆستەم، مێرخاس دۆسکی، ئۆسامە رەشید لەگەڵ ئالای فازڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ