پەیامێک بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ

 
رووداو دیجیتاڵ

بەدر متەوع، هێرشبەر و ئەستێرەی تۆپی پێی کوێت پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ نارد، دوای ئەوەی ریکۆردەکەی شکێنرا.
 
رۆناڵدۆ لە یەکەم یاریی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یۆرۆی 2024 بەرامبەر لیشتنشتاین دوو گۆڵی بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد و یاریی ژمارە 197ـی بەدرێسی هەڵبژاردەکەوە ئەنجامدا، بەمەش بووە خاوەنی ریکۆردێکی نوێ لە مێژووی تۆپی پێی هەڵبژاردەکان و یەکەم یاریزانە زۆرترین یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بکات.
 
بە ئەنجامدانی ئەو یارییە رۆناڵدۆ ریکۆردی بەدر متەوع، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی کوێتی شکاند کە پێشتر ئەو یاریزانە 196 یاریی بۆ هەڵبژاردەکەی ئەنجامداوە.
 
دوای تۆمارکردنی ئەو ریکۆردە لەلایەن رۆناڵدۆوە، بەدر متەوع لە پەیامێکدا لە تویتەر پیرۆزبایی لە رۆناڵدۆ دەکات و نووسیوویەتی "شانازی دەکەم بەوەی کە 196 یاریم بۆ هەڵبژاردەکەم کردووە، شەرەفێکی گەورەیە کە رۆناڵدۆ ریکۆردەکەمی شکاند و ئەو ئەفسانەیەکی راستەقینەیە."
 
هێرشبەرە کوێتییەکە زیاتر دەڵێت "تۆ ئەفسانە، لەلایەن هەموو یاریزانێکەوە خۆشەویستی، هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم و هیوادارم سەرکەوتن و دەستکەوتی زیاترت هەبێت."
 
لە ژێر توویتەکەی بەدر متەوع، کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەڵامی داوەتەوە و بۆی نووسیووە "سوپاس بۆ قسە میهرەبانەکانت بەدر، شانازییەکی گەورەیە کە زۆرترین بەشداریم لە مێژووی تۆپی پێی نێودەوڵەتیدا هەیە، سوپاس و هیوای سەرکەوتن بۆ تۆش دەخوازم."
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ جگە لەوەی بووە خاوەنی زۆرترین بەشداریی نێودەوڵەتی، یەکەم یاریزانیشە لە مێژووی تۆپی پێی هەڵبژاردەکاندا 120 گۆڵ بۆ هەڵبژاردەکەی تۆماربکات.