عەدنان درجال تەندروستی باشە
رووداو دیجیتال
بەرپرسێکی وەزارەتی لاوان و وەرزشی عێراق ئاشکرایکرد، باری تەندروستی عەدنان درجال وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق سەقامگیرە و بەرەو باشی دەڕوات.
ماوەی سێ رۆژە عەدنان درجال، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، هەر بۆیە لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری بەغدا خۆی کەرەنتین کردووە و سەرقاڵی چارەسەرییە.
خالید رکابی، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزشی ناوچەی رەسافە لە بەغدا، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "بەردەوام لە رێگای تەلەفۆنەوە قسە لەگەڵ عەدنان درجال دەکەم، ئێستا بارودۆخی زۆر باشە و هەناسەدانیشی زۆر باشە، کۆرۆنای بە قورسی نەگرتووە".
ڤایرۆسی کۆرۆنا وایکرد ئەحمەد رازی ئەفسانەی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ نازم شاکری راهێنەر و چەندین کەسایەتی وەرزشی دیکەی عێراق ماڵئاوای لە ژیان بکەن.
رکابی گوتیشی "پزیشکان چاودێری دۆخی تەندروستی وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق دەکەن، شەقامی وەرزشی عێراق دڵنیا دەکەمەوە درجال بەمزووانە بە تەندروستییەکی زۆرباشەوە دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی".
عەدنان درجال، تەمەنی 61 ساڵە، وەک یاریزان ساڵانێکی زۆر یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق کردووە، هەروەها لە ریزی یانەکانی زەورا، تەڵەبە و رەشید یاریکردووە. دواتر روویکردووەتە بواری راهێنەری سەرەتا لە ناوخۆی عێراق کاریکردووە، بەڵام دواتر چووەتە قەتەر لەوێ وەک راهێنەر و شارەزا کاریکردووە، دواجار لە کابینەکەی مستەفا کازمی پۆستی وەزیری لاوان و وەرزشی عێراقی پێسپێردرا.