پاڵاوتنەکانی مۆندیال.. ئەمشەو ئیتالیا و ئەڵمانیا ئەرکیان زەحمەت و هەستیارە

25-03-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئەڵمانیا هەڵبژاردەی ئیتالیا
A+ A-

رووداو دیجیتال

لە درێژەی یارییەکانی یەکەم گەڕی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، ئەمڕۆ 13 یاری بەڕێوەدەچن.

ئەڵمانیا، کە لە وەشانی پێشوودا لە یەکەم قۆناخی مۆندیالدا دەرکراوە، ئەمڕۆ بەنیازە لە یەکەم هەنگاودا تواناکانی خۆی بۆ ئەوروپا و جیهان بسەلمێنێتەوە و هەر لە یەکەم یارییدا بڵێت "من ئەڵمانیام و جارێکی دیکە گەورەیی خۆم نیشاندەدەمەوە".

هەڵبژاردەی ئایسلەندا، کە بە بەهێزترین رکابەری ئەڵمانیا دادەنرێت لە کۆمەڵەی 10ـدا، لەم یارییەدا ئاهەنگ دەگێڕێت بە بۆنەی ئەنجامدانی یاری 500 لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا، کە بێگومان ئەوە هاندەرێک دەبێت بۆ ئەوەی ئایسلەندییەکان بە گڕوتینێکی زۆرەوە ئەو یارییەیان ئەنجام بدەن، بەتایبەتی کە ئەم یارییە بەهێزترین رووبەڕووبوونەوەی ئەم کۆمەڵەیە و لەوانەیە هەردووکیان رکابەری لەسەر بلیتی یەکەم و دووەمی کۆمەڵەکەیان بکەن.

لە یارییەکی دیکەی بەهێزدا، ئیتالیا میوانداری ئێرلەندای باکوور دەکات، کە هەڵبژاردەی ئازۆری هەوڵدەدات درێژە بەو ئاستە بەرزەی بدات کە لەگەڵ رۆبێرتۆ مانچینی راهێنەردا پێشکەشی دەکات و گەیشتووەتە چوارگۆشەی زێڕینی نەیشن لیگ.

سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردەکەی لە دوایین 20 یارییدا نەدۆڕاوە، مانچینی هۆشداری داوەتە یاریزانەکانی و داوایلێکردوون رێز لە ئێرلەندییەکان بگرن، کە وەکخۆی دەڵێت "یارییەکانی پاڵاوتن هەمیشە زەحمەتن، چونکە دوای 10 مانگ بۆ یەکەمجار پێکەوە یاری دەکەینەوە، ئێرلەندییەکانیش تیپێکی بەریتانی نموونەیین، بەشێوەیەکی بەهێز و رێکخراو بەرگری دەکەن، لە رووی جەستەییەوە زۆر بەهێزن و لە هێرشی هەڵگەڕاوەشدا مەترسیدارن".

بردنەوەی یەکەم 3 خاڵ بۆ هەریەکێک لەو دوو هەڵبژاردەیە زۆر گرنگە، چونکە ئەو دوو تیپە کە لە کۆمەڵەی سێیەمدا یاری دەکەن، هەڵبژاردەکانی دیکەی کۆمەڵەکەش بەتوانان و دەتوانن رکابەرییان بکەن، بەتایبەتیش سویسرا و بولگاریا.

یارییەکانی ئەمڕۆ:

ئیسرائیل - دانیمارک 20:00
بولگاریا - سویسرا 20:00
رۆمانیا - مەگەدۆنیای باکوور 22:45
مۆلدۆڤا - دوورگەکانی فارۆ 22:45
سوێد - جۆرجیا 22:45
هەنگاریا - پۆلەندا 22:45
ئەڵمانیا - ئایسلەندا 22:45
سکۆتلەندا - نەمسا 22:45
ئیسپانیا - یۆنان 22:45
لیشتینشتاین - ئەرمینیا 22:45
ئینگلتەرا - سان مارینۆ 22:45
ئەندۆرا - ئەڵبانیا
ئیتالیا - ئێرلەندای باکوور 22:45

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە