ئەردۆغان بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی تورکیا کرد

رووداو - دیجیتال 

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەی کرد، دوای ئەوەی شەوی رابردوو توانییان بە ئەنجامی 4-2 لە یاریگەی ئۆڵمپی ئەتاتورک بەسەر هەڵبژاردەی هۆڵەندا سەرکەوتنێکی گەورە تۆماربکەن لە دەستپێکی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ی قەتەر.

رەجەب تەیب ئەردۆغان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ یاریزانان و شەنۆل گونێشی راهێنەری هەڵبژاردەی تورکیا کرد، کاتێک تەلەفۆنی بۆ محەمەد موحەرەم وەزیری وەررزش لاوانی تورکیا کرد، ئەویش لە ژووری جلگۆڕین تەلەفۆنەکەی داوە بە یاریزانەکان بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ سەرۆکی تورکیا بکەن، بۆ پیرۆزبایی بەهۆی یەکەم سەرکەوتنیان لە پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی 2022ی قەتەر.

لە کاتی قسەکردنی لەگەڵ یاریزانان سەرۆککۆماری تورکیا بە یاریزانەکانی راگەیاند: "بەهۆی کۆنگرەی ئاکپارتییەوە نەمتوانی بۆ بینینی یارییەکە ئامادەبم، چونکە سەرقاڵی کۆنگرە بووین، بەڵام تەماشای پازدە خولەکی کۆتایی یارییەکەم کرد و دڵخۆشم بەهۆی ئەو سەرکەوتنەوە بە گەلەکەمانتان بەخشی".

هەروەها ئەردۆغان بە یاریزانەکانی گووتووە: "لە ماوەیەکی وەهادا بتوانین بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەسەر هۆڵەندا سەربکەوین، بەڕاستی ئەمە شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێوە، کە پێشکەشی گەلەکەمانتان کرد.".

بەدیاریکراوی سەرۆککۆماری تورکیا قسەی لەگەڵ بوراک یڵماز هێرشبەری هەڵبژاردەی تورکیا کردووە و پیرۆزبایی لێکردووە، پێی گوتووە " گۆڵەکەت زۆر جوان بوو" مەبەستی لە گۆلی سێیەمی یاریزانەکەیە کە بە لێدانێکی راستەوخۆ تۆماریکرد، ئەویش بە ئەردۆغانی گوتووە " تۆ دەبێت بێی بۆ سەیری یارییەکانمان".

لە یارییەکە بوراک یلماز توانی هاتریک تۆماربکات و یارمەتیی هەڵبژاردەکەی بدات کە یارییەکە 4-2 لە ئاشەهەواییەکان ببەنەوە.