رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری ئیسپانیی یانەی مانچێستەر سیتی، دەستەوارەیەکی خەیاڵی لە سعودییەوە پێگەیشتووە، دوای ئەوەی داهاتووی لەگەڵ سیتیزن گومانی لەسەر دروستبوو، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی تیپەکە لەم وەرزەدا.
لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵ ئاشکرایکردووە، گواردیۆلا دەستەوارەیەکی دارایی گەورەی لە یانەیەکی سعودییەوە وەرگرتووە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە.
سعودییەکان دەیانەوێت پێپ گواردیۆلا رازی بکەن ئەورووپا بەجێبهێڵێت و ئەزموونێکی نوێ لە خولی پیشەگەری رۆشن تاقی بکاتەوە.
رۆژنامە ئیسپانییەکە باس لەوە دەکات کە بەگوێرەی ئەو دەستەوارەیەی کە پێشکەشی گواردیۆلا کراوە، پێپ دەبێتە خاوەنی زۆرترین مووچە لە مێژووی راهێنەرەکاندا، کە زۆر زیاترە لە مووچەی ئێستای لەگەڵ مانچێستەر سیتی.
سعودیە ئاواتەخوازە گواردیۆلا بکاتە توخمێکی سەرەکی بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی خولی سعودیە و بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی رکابەریی بەرزتر.
مانچێستەر سیتی رووبەڕووی ئاستەنگی سەخت دەبێتەوە
گواردیۆلا دەچێتە وەرزی نۆیەمی خولی ئینگلتەرا لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی، لەو ماوەیەشدا سەرکردایەتی تیپەکەی کردووە بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە یانە بەهێزەکانی جیهان، بەڵام ئەم وەرزە ئەنجامەکانی زۆر خراپ بوونە، بەو پێیەی تیپەکە پلەی چوارەمی پرێمەرلیگی ئینگلیزی گرتووە بەکۆکردنەوەی 44 خاڵ دوای 26 گەڕ.
هەروەها مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگدا لەلایەن ریال مەدریدەوە دەرکرا دوای ئەوەی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەی لێبردەوە، ئەمە جگە لەوەی لە رکابەریکردن لەسەر نازناوەی پرێمەرلیگ تووشی کۆسپ بوو. ئەمەش وایکرد داهاتووی لەگەڵ تیپەکەدا ببێتە بابەتێکی مشتومڕهەڵگری بەرفراوان.
ئەم هەلومەرجە لەوانەیە پاڵ بە یانە سعودییەکەوە بنێت بۆ ئەوەی دەرفەتەکە بقۆزێتەوە و راهێنەرە ئیسپانییەکە رازی بکات دەست بە سەرکیشییەکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.
گواردیۆلا تاوەکو ئێستا بڕیاری خۆی نەداوە
تاوەکو ئێستا گواردیۆلا هەڵوێستی فەرمی خۆی لەسەر ئەو دەستەوارەیەی سعودیە رانەگەیاندووە، سەرەڕای متمانەی مانچێستەر سیتی بە راهێنەرەکەی، بەڵام ئەو ناڕوونییەی لە دەوری داهاتووی ئەو راهێنەرە هەیە، دەرگا بەڕووی زۆر لە قسە و باسەکاندا دەکاتەوە سەبارەت بە قۆناخی داهاتوو.
ئەگەر گواردیۆلا بڕیاری رۆیشتن بدات، ئەوا مانچێستەر سیتی رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە دەبێتەوە لە دۆزینەوەی جێگرەوەیەک کە توانای درێژەدان بە پڕۆژە سەرکەوتووەکەی هەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە گواردیۆلا چەندینجار رایگەیاندووە، ئامادە نییە بەو دۆخەوە مانچێستەر سیتی جێبهێڵێت، بەڵکو دەیەوێت بیگەڕێنێتەوە لووتکە ئینجا بیر لە رۆیشتن دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ