بارسێلۆنا چاوی لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیایە

25-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن جامی شای ئیسپانیا یانەی بارسێلۆنا یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت هەنگاوێک لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا نزیک ببێتەوە، کاتێک لە یاریی چوونی پێشکۆتایی جامەکەدا میوانداریی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات.
 
یارییەکە کاژێر 23:30 بەکاتی باشووری کوردستان لە یاریگەی مۆنتوجویک ئەنجامدەدرێت.
 
یارییەکە هەنگاوی یەکەمی یانە کەتەلۆنییەکە دەبێت بۆ گەیشتنە یاریی کۆتایی جامەکە و جارێکی دیکە بەدەستهێنانەوەی ئەو نازناوەی بارسا پێشەنگە لە بەدەستهێنانیدا بە 31 جار.
 
تیپەکەی هانزی فلیک، لە باشترین دۆخی دەروونیی خۆیدایە، وەرگرتنەوەی پێشەنگی لالیگا و رکابەریکردن لەسەر سەرجەم نازناوەکانی وەرزی ئەمساڵ، هەمووانی بەوە دڵخۆشکردووە کە کەتەلۆنییەکان تا دوایین هەنگاو لەپێناو نازناوەکاندا دەجەنگن و تەنانەت خەون بەبردنەوەی نازناوێکی گەورەی وەک چامپیۆنزلیگیشەوە دەبینن.
 
بارسێلۆنا دوای بڕینی بارباستیرۆ، ریال بێتیس و ڤالێنسیا و تۆمارکردنی 14 گۆڵ لە قۆناخەکانی پێشووی جامەکە، ئەمجارە روو لە تاقیکردنەوەیەکی قورستر دەکات کە یاریی یەکەمی پێشکۆتاییە و بارسا بەتۆمارێکی باشی پاش خۆپاراستن لە شکست لە 13 یاریی بەسەریەکەوە بەدوای ئەنجامێکی دیکەی باشدا دەگەڕێت.
 
لە بەرامبەردا ئاتلێتیکۆ مەدرید لای خۆیەوە وەرزێکی ناوازە پێشکێشدەکات و دیێگۆ سیمیۆنی و یاریزانەکانی جارێکی دیکە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ خۆیان دەبیننەوە و لەسەرجەم بەرەکانەوە، بەدوای نازناودا دەگەڕێن.
 
ئاتلێتیکۆ لە لالیگاشدا رکابەرێکی سەرسەختە و هەفتانە گەمەی پێگەگۆڕینەوە لەگەڵ ریال و بارسا دەکات و ئامادەنییە دەستبەرداری گەیشتنەوە بەنازناوی لالیگا ببێت.
 
ئاتلێتیکۆ لە دوایین هەشت یاریدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان نەدۆڕاوە، بەڵام لە هەفتەکانی داهاتوودا رووبەڕووی خشتەیەکی زۆر ئاڵۆز و زنجیرەیەک یاریی زۆر بەهێز دەبێتەوە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان.
 
سیمیۆنی کە ئاڵای ئاڵنگاریی بەڕووی هەموواندا بەرزکردووەتەوە و دەڵێ بۆ گرەوەکان ئامادەین، هەفتەی داهاتوو بەرامبەر ئاتلێتیک بیبلباو دەبێطەوە و دواتریش لە چامپیۆنزلیگ میوانی سانتیاگۆ بێرنابیۆیە لە دێربیی مەدریددا.
 
ئاتلێتیکۆ لە 2013ەوە نازناوی جامەکەی نەبردووەتەوە، پاڵنەری گەورەشی بۆ بردنەوەی یارییەکەی ئەمجارە، ئەو سەرکەوتنەیە کە لە لالیگادا پاش ساڵانێکی زۆر لە چاوەڕوانی، بەسەر بارسادا بەدەستیهێنا.
 
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا یارییەکەی بەگرنگ ناوبردووە، ئەو دەڵێ، "یارییەکی نوێیە، سەرەتایەکی نوێشە بۆ ئێمە، ئەوان تیپێکی مەزنن، وەبەرهێنان و پارەی زۆریان خەرجکردووە لە بەدەستهێنانی یاریزانان و ئاستێکی باش پێشاندەدەن. ئەوان باشترین بەرگرییان هەیە و یاریزانی ناوازە لە ریزەکانیاندایە لە هێڵی هێرشبەری، بێگومان یارییەکە قورس دەبێت".
 
بۆ یارییەکەی ئەمشەو گومان لەسەر بەشداریکردنی لامین یامال، ئەستێرەی یانەکە هەیە، بەهۆی ئەو پێکانەی لە یاریی پێشووی یانەکەی لە لالیگا، بەرامبەر لاس پاڵماس تووشی بوو، راهێنەری بارسێلۆنا دەڵێ، "نازانم دۆخی یامال چۆن دەبیت، پێویستە چاوەڕێ بکەین تاوەکو کاتی یارییەکە، ئەوەی من دەیبینم ئەوەیە کە دۆخەکە پۆزەتیڤە دەکرێ توانای یارییکردنی هەبێت و پزیشکەکانیش پێیان گوتم و من خۆشم هیوادارم ئەو بتوانێت یاریی بکات".
 
سیمیۆنی و یاریزانەکانی، یارییەکەی ئەمشەو بۆیان دەبێتە سەرەتای چەند هەفتەیەکی ئاڵۆز و پڕ لە یاریی بەهێز، کە لە میانیدا سێجار بەرامبەر بارسێلۆنا و دووجاریش بەرامبەر ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ یارییدەکەن.
 
راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید رایگەیاندووە تیپەکەی بۆ ئاڵنگارییەکان ئامادەیە. ئەو لەبارەی یارییەکەی بارسێلۆناوە گوتوویەتی، "من باسی تاک بەتاکی یاریزانانی تیپی بەرامبەر ناکەم، چونکە ئەوان یاریزانی یەکلاکەرەوەیان لە هەر شوێنێکی یارییدا هەیە و هەر کامیان یاریی بکات، باش یارییدەکات".
 
پلان و تاکتیکی سیمیۆنی لە یارییەکەدا وەکخۆی باسیدەکات بریتی دەبێت لەوەی، "ئێمە دەمانەوێت یارییەکە بەو ئاراستەیە ببەین کە رێگەمان بۆخۆشدەکات بۆ ئەوەی ئازاری ئەوان بدەین. بیرکردنەوە و بەرچاومان روونە بۆ ئەو شێوازەی کە دەمانەوێت یاریی پێوە بکەین".
 
سیمیۆنی پەسنی تواناکانی هانزی فلیکی داوە، دەڵێ، "هێزی ئەوان لە راهێنەرەکەیاندایە کە دەتوانێت شێوازی یاریزانەکان بگۆڕێت تاوەکو لەسەر شێواز و پلانی یارییکردنی خۆی بیانگونجێنێت. هەر بۆیە ئێمە بۆ ئاڵنگارییەکە ئامادەین".
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا، لە یاریی گەڕانەوەی پێشکۆتاییدا، لە سەرەتای مانگی چواردا جارێکی دیکە بەیەکدەگەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە