رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی پەیوەندیکردنی کیلیان ئیمباپێ بە یانەی ریال مەدرید، دزەپێکردنی زانیارییەکانی لەبارەی گرێبەستی یاریزانەکەوە زیاتر دەبێت و سەرچاوەیەکیش زیادکردنی بەندێک لە گرێبەستی نێوان هەردوولادا ئاشکرا دەکات.
پێشتر میدیای ئیسپانیا رایگەیاندبوو، کیلیان ئێمباپێ بووەتە یاریزانی یانەی ریال مەدرید، ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانیش لە دەوحە بە کەسێکی نزیکی خۆی گوتووە یاریزانەکە 100٪ دەچێتە یانەی ریال مەدرید و هەموو شتەکان تەواو بوون، رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "راگەیاندنی گرێبەستی کیلیان بۆ ریال مەدرید تەنیا لەسەر کات وەستاوە."
بەپێی چەند زانیارییەکی دزەپێکراو، ئێمباپێ مووچەکەی لە ریال مەدرید لەنێوان 15 بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، پاداشتێکی گەورەش وەردەگرێت لەبەرامبەر ئەوەی بێبەرامبەر روودەکاتە یانە ئیسپانییەکە.
ماڵپەری فۆت مێرکاتۆی فەرەنسی زانیارییەکی نوێ لەبارەی گرێبەستی هێرشبەرە فەرەنسییەکە لەگەڵ ریال مەدرید ئاشکرا دەکات و دەڵێت "یانەی ریال مەدرید بەندێکی سەرنجڕاکێشی لە گرێبەستەکەدا داناوە، بەندەکەش پەیوەندیی بە بردنەوەی باڵۆن دۆرەوە هەیە و یانەکە ئامادەیە 15 ملیۆن یۆرۆ وەکو پاداشت بداتە یاریزانە فەرەنسییەکە ئەگەر بەدرێسی یانەی شاهانەوە خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە."
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەم بەندە لە سیاسەتی کارکردنی ریال مەدریددا هەیە، کاتێک گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەکان واژۆ دەکات.
کەریم بنزیما دوایین یاریزانە لەم بەندە سوودمەندبووبێت، کاتێک خەڵاتی باڵۆن دۆری لە ساڵی 2022 لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا، پاداشتێکی 1 ملیۆن یۆرۆیی لە یانەی شاهانە وەرگرت.
کیلیان ئێمباپێ تاوەکو ئێستا خەڵاتی باڵۆن دۆری بۆ باشترین یاریزانی جیهان نەبردووەتەوە، بەڵام لە دوایین 6 ساڵدا هەمیشە ناوی لەنێو لیستی 10 باشترین بەربژێرەکانی بردنەوەی خەڵاتەکەدا هەبووە و یاریزانەکە بە ئامانجی بردنەوەی ئەو خەڵاتە و بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگ دەیەوێت بچێتە ریال مەدرید.
کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی، تەمەنی 25 ساڵە، گرێبەستەکەی لە گواستنەوەی هاوینەدا لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت و بەپێی زۆرینەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یاریزانەکە بە کارگێڕیی یانە فەرەنسییەکەی گوتووە گرێبەستەکەم نوێناکەمەوە و لە هاویندا یانەکە بەجێدەهێڵم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ