لە پێناو یانەی خەونەکانی بارسێلۆنا و لیڤەرپوول رەتدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

چابی ئەڵۆنسۆ، راهێنەری یانەی بایرلیڤەرکوزن، بەهۆی ئەو ئەنجامە باشانەی لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ یانەکە بەدەستیهێناون بووەتە جێگەی سەرنجی یانە گەورەکان و چاوی زۆری لەسەرە، بەڵام ئەو چاوەڕێی هەلێکی مێژوویی دەکات.
 
ئەڵۆنسۆ بەهۆی ئەوەی لە پێشەنگی ریزبەندی بوندێسلیگایە، هەردوو یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی و بارسێلۆنای ئیسپانی چاودێریی راهێنەرەکە دەکەن و دەیانەوێت لە کۆتایی ئەم وەرزەدا گرێبەستی لەگەڵ بکەن، بەتایبەت کە هەردوو یانە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا راهێنەرەکانیان ئەرکەکانیان بەجێدەهێڵن و هەردوو یانە بەبێ راهێنەر دەمێننەوە.
 
چابی پێشتر یاریی لیڤەرپوول کردووە و یانە ئینگلیزییەکە دەیەوێت سوود لەوە وەربگرێت، بۆ ئەوەی راهێنەرەکە رازیبکات وەکو راهێنەر بگەڕێتەوە یانەکە.
 
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری فوسبال نیوز، چابی ئەڵۆنسۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتیی هەردوو یانەی بارسێلۆنا و لیڤەرپوول رەتدەکاتەوە و دەیەوێت لەگەڵ بایرلیڤەرکوزن بەردەوامبێت، تاوەکو هەلێکی مێژوویی بۆ هەڵدەکەوێت و ببێتە راهێنەری ئەو یانەیەی خەون بە راهێنەرایەتیکردنییەوە دەبینێت، کە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییە.
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە لەکاتێکدا چاوی لە راهێنەرایەتیکردنی یانەی ریال مەدریدە، یانەکە گرێبەستی کارلۆ ئەنچێلۆتیی تاوەکو هاوینی 2026 نوێکردووەتەوە و پێناچێت بەر لەو وادەیە راهێنەرە ئیتاڵییەکە پۆستەکەی بەجێبهێڵێت.
 
ماڵپەرەکە دەڵێت "کارگێڕیی ریال مەدرید وەکو کەسێکی گونجاو بۆ شوێنی ئەنچێلۆتی چاودێریی ئەڵۆنسۆ دەکات، بەڵام لەم کاتەدا بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ راهێنەرەکە ناکاتەوە."
 
بایرلیڤەرکوزن لەم وەرزەدا لەژێر سەرپەرشتی چابی ئەڵۆنسۆ بەباشترین کاتەکانیدا تێدەپەڕێت و لە 33 یاریی سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە پێشەنگی خولی ئەڵمانیایە و بە جیاوازیی 8 خاڵ لە پێش بایرن میونشنی دووەمە.