لە مانچێستەر سیتییەوە بۆ یانەی نەسڕ

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەسڕی سعودی ماوەیەکی زۆرە چاودێریی ئەستێرەیەکی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەکات و دەیەوێت یاریزانەکە بباتە ریزەکانی، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانیش نرخی یاریزانەکە ئاشکرا دەکەن.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی نەسڕی سعودی کاردەکات بۆ ئەوەی لە گواستنەوەکانی داهاتوودا، کیڤن دیبرۆین، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی بەلجیکا و یانەی مانچێستەر سیتی بباتە ریزەکانی، بۆ ئەوەش ئامادەیە مووچەیەکی بەرز بداتە یاریزانەکە.
 
گرێبەستی دیبرۆین لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت، یانەی مانچێستەر سیتی بیر لەوە دەکاتەوە یاریزانەکە بە نرخێکی باش بفرۆشێت، نەک لە ساڵی داهاتوو بێبەرامبەر لە یانەکە بڕوات.
 
ماڵپەری تۆک سپۆرتی بەریتانی دەڵێت "کارگێڕیی یانەی مانچێستەر سیتی 100 ملیۆن یۆرۆی وەکو نرخی ئەستێرە بەلجیکییەکە داناوە و کەمتر لەو پارەیە ئامادەنییە دەستبەرداری ناوەڕاستکارەکەی ببێت."
 
جگە لە یانەی نەسڕ، هیلالی سعودی یەکێکی دیکەیە لەو یانانەی رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی تواناکانی دیبرۆین دەکات و چاوەڕواندەکرێت هاوینی داهاتوو رکابەرییەکی بەهێز لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە بکەن، بەڵام هێشتا مان سیتی بڕیاری کۆتایی بۆ فرۆشتنی یاریزانەکە نەداوە.
 
کیڤن دیبرۆین 366 یاریی لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا بەدرێسی مانچێستەر سیتییەوە ئەنجامداوە، 161 ئاسیستی کردووە و 98 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەستێرە بەلجیکییەکە یەکێکە لە ئەستێرە دیارەکانی یانەکە و وەرزی رابردوو رۆڵی گەورەی بینی لە بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگ بۆ یانە ئینگلیزییەکە.
 
نەسڕ لەکاتێکدا رکابەری لەسەر گواستنەوەی دیبرۆین دەکات، یانەکە بەشێوەی خواستن دەستبەرداری سیکۆ فۆفانا بووە و دەیەوێت بە ئەستێرە بەلجیکییەکە ناوەڕاستەکەی بەهێزتربکات و کیڤن بکاتە هاوڕێی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و سادیۆ مانێ.