فایناڵی کاراباو کەپ.. بەر لە ماڵئاوایی کڵۆپ دەیەوێت جامەکە بخاتە نێو جانتاکەیەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوو راهێنەری ئەزمووندار و شارەزای ئینگلتەرا، کە یەکێکیان بەدوای شوێنپیقایمکردن و سەرخستنەوەی تیپەکەیدا دەگەڕێت و ئەویدیکە جانتاکانی کۆکردووەتەوە و قفڵی لە رۆژەکانی خۆی لە وڵاتەکەدا داوە، دەیانەوێت یەکەم نازناوی ئەمساڵی ئینگلتەرا بۆخۆیان و تیپەکانیان ببەنەوە، کاتێک ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر یاریگەی وێمبڵی لە یاریی کۆتایی کاراباو کەپدا بەیەکدەگەن.
 
یارییەکە بلووزی چێڵسی و رێدی لیڤەرپوول کۆدەکاتەوە، دوو تیپ کە ئەمساڵ لە دوو بارودۆخ و کەشی تەواو جیاواز و پێچەوانەی یەکدیدا دەژین.. لە کاتێکدا لیڤەرپوول لە پرێمەرلیگدا پێشەنگە و خۆی وەک رکابەر لەسەر نازناوی خولەکە پێشانداوە، چێڵسی دەیەوێت وەرزەکە بەکەمترین زیانەوە کۆتایی پێبهێنێت، پاشئەوەی نووچدان و شکستەکانی لە وەرزەکەدا، زۆریان خایاند.
 
لیڤەرپوول، کە چواردەیەمینجارە لە یاریی کۆتایی جامەکەدا دەردەکەوێت، دەیەوێت ژمارە پێوانەییەکەی خۆی وەک زۆرترین خاوەن نازناوی جامەکە زیاتر بکات و ژمارەی نازناوەکانی بگەیەنێتە دە نازناو، لە کاتێکدا چێڵسی چاوی لە شەشەمجار بردنەوەی جامەکەیە.
 
بەر لە فیناڵی کاراباو کەپ، لیڤەرپوول لە دوایین یاریی خۆیدا لە پرێمەرلیگ بەرامبەر لۆتن تاون، کە تیپەکە ریمۆنتادای بەسەر میوانەکەیدا کرد، لە دۆخێکدا نەبوو جێگەی ئیرەیی کەس بێت، پاشئەوەی بەشێکی زۆری یاریزانانی پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکە بەهۆی پێکانەوە بەشدارییان نەکرد و راهێنەری تیپەکە ناچاربوو هانا بۆ یاریزانە لاوەکانی ئەکادیمیای یانەکەی ببات.
 
لە سایەی پێکرانی هەریەکە لە ئالیسۆن بیکێر، ترێنت ئارنۆڵد، جویل ماتیپ، دۆمینیک سۆبۆسلای، کۆرتیس جۆنس، محەمەد سەڵاح، داروین نونیێز و دیۆگۆ جۆتا، کڵۆپ خۆی لەبەردەم دۆخێکی ئاوارتەدا دەبینێتەوە بۆ بەرگرتن لە هەوڵەکانی چێڵسی لەپێناو بەدەستهێنانی نازناوەکەدا.
 
کڵۆپ وێڕای ئەو دۆخە خراپە، هێشتا بەشە پڕەکەی نێو پەرداخی تیپەکەی دەبینێت و پێیوایە بەردەستبوونی یانزە یاریزان، بەسە بۆ ئەوەی تیپەکەی ئاڵنگارییەکە لە ئەستۆ بگرێت و هەوڵی بردنەوەی گرەوەکە بدات.
 
هەرچی چێڵسییە، کە لەگەڵ پۆچەتینۆی راهێنەریدا وەرزێکی پڕاوپڕ لە نووچدان و کەوتن و هەڵسانەوەی هەبوو، پاش بێئومێدبوون لە نازناوی سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی دیکە، جامی کاراباو کەپی کردووەتە ئامانجی سەرەکی لەپێناو خۆرزگارکردن لە وەرزێکی دەستبەتاڵ بۆ تیپەکە، کە دوو ساڵە باسوخواسی خەرجییە زۆرەکانی، باڵیان بەسەر کۆی هەواڵەکانیدا کێشاوە.
 
پۆچەتینۆ بەئەزموون و شارەزایی خۆی لە مامەڵەکردن لەگەڵ لیڤەرپوول، دەتوانێ خەونی هاندەرانی یانەکەی بکاتە راستی، بەتایبەتیش کە تیپەکەی، وێڕای کێشە زۆرەکانی و ئەنجامە خراپەکانی، توانیویەتی لە یارییە بەهێزەکاندا بەرامبەر گەورەکانی پرێمەرلیگ، ئامادەیی بۆ رکابەریی پێشان بدات و ئەوەش بسەلمێنێت کە لە دۆخە قورسەکاندا، دەتوانێت بڕیاری دروست بدات و مامەڵەی دروست بکات.