رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یانەی بایرن میونشن لەبارەی راهێنەری داهاتووی یانەکەیەوە قسە دەکات و دەڵێت "پەلە لە دەستنیشانکردنی جێگرەوەی تۆماس توخێل ناکەین."
هێربەر هاینەر، سەرۆکی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی لەلێدوانێکی رۆژنامەڤامیدا گوتی "پەلە ناکەین لە دەستنیشانکردنی ئەو راهێنەرەی لە داهاتوودا پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەردەگرێت و دەبێتە جێگرەوەی تۆماس توخێل لە یانەکەدا."
هاینەر لە دوای یارییەکەیان بەرامبەر یانەی لایپزیگ کە بایرن بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە گوتی "ئێستا کاتێکی کەممان هەیە بۆ بیرکردنەوە و گەڕان، دەمانەوێت بە وردی بگەڕێین و بیربکەینەوە، هەڵسەنگاندن بۆ هەموو شتەکان بکەین و لە کۆتاییدا راهێنەرێکی گونجاو دەستنیشانبکەین."
سەرۆکی یانە باڤارییەکە زیاتر گوتی "نامانەوێت لەگەڵ راهێنەرێک کاربکەین مەودایەکی کورت بمێنێتەوە، بەڵکو دەمانەوێت بۆ مەودایەکی درێژ بێت."
ئەم قسانەی سەرۆکی یانەی بایرن میونشن لەکاتێکدان، چەند رۆژێک لەمەوبەر بەفەرمی رێککەوتنی نێوان یانەکە و تۆماس توخێل بۆ جیابوونەوەیان لە کۆتایی ئەم وەرزەدا راگەیێنرا.
بایرن میونشن لە چەند ساڵی کەمی رابردوودا، ئەمە سێیەم راهێنەرە دەگۆڕێت، دوای ئەوەی هانز فلیک لە یانەکە رۆیشت، یولیان نایگێلسمان بووە راهێنەر، بەڵام ماوەیەکی زۆر نەمایەوە و بایرن گرێبەستی لەگەڵ توخێل واژۆکرد، بەڵام لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی یانەکە وەکو پێویست نین و ئەو راهێنەرەش لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە یانەکە دەڕوات.
بۆ پڕکردنەوەی شوێنی توخێل چەند راهێنەرێک بەردەستن، چابی ئەڵۆنسۆ، ئەستێرەی پێشووی یانەکە و راهێنەری ئێستای بایرلیڤەرکوزن یەکێک لە بژاردەکانی کارگێڕیی یانە ئەڵمانییەکەیە، زینەدین زیدان، راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدریدیش یەکێکە لەو راهێنەرانەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ناوی لەگەڵ یانەی بایرن میونشن دەهێنرێت، بەڵام یانەکە ئەمجارە نایەوێت پەلە لە بڕیارداندا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ