ئەمڕۆی پرێمەرلیگ.. ئارسیناڵ و مانچێستەر سیتی شەڕی مشک و پشیلە دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا لێستەر سیتی لە جەنگە نێوخۆییەکەی خۆی و رکابەریکردن لەگەڵ خۆی لەپێناو مانەوە لە دەرەوەی ناوچەی سووری دابەزین بەردەوامە، ئارسیناڵ بەتووندی سەرقاڵی جەنگە نێوخۆییەکەی خۆیەتی لەپێناو رێگەنەدان بە مانچێستەر سیتی، لە دروستکردنی مەترسیی زیاتر لەسەر ئەو نازناوەی پاش ساڵانێکی زۆر، ئارسیناڵ خەریکە پێی دەگاتەوە.
 
یاریی نێوان لێستەر سیتی و ئارسیناڵ، دەکرێ بەهێزترین یاری ئەمڕۆی پرێمەرلیگ بێت و بەشێکی دیکە لە چارەنووسی نازناوی خولەکە دەربخات. لێستەر سیتی کە بەر لە شکستەکەی هەفتەی رابردوو لە بەرامبەر مانچێستەر یونایتد، خەریکبوو گووڕوتینی دڵنیایی لە مانەوە لە پرێمەرلیگی بۆ دەگەڕایەوە، دەیەوێت ئەمشەو خۆی لە دووەم دۆڕان لە ساڵی 2023 لەسەر یاریگەی خۆی بپارێزێت.. بەڵام پێدەچێ ئەرکەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ بەرامبەر ئارسیناڵ، ئەرکێکی تاقەتپڕوکێن و زەحمەت بێت، بەتایبەت کە لێستەر سیتی، لە چەندین رووەوە کێشەی جیاوازی هەیە. بەڵام ئارسیناڵ چاوی لەوەیە هەفتەیەکی دیکە لەسەرکەوتن بەڕێبکات.
 
میکێڵ ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ، دەڵێت "پێموایە چەندین تیپ لە رکابەریدا بەردەوامن، هەموو رۆژێک بۆ ئێمە پێشبڕکێیە. پێشبڕکێی ئەوەی چۆن یاریزانەکانت رازیدەکەیت تاوەکو رۆژێکی دیکە بەباشی مەشق بکەن و بەباشی بەرامبەر لێستەر یاری بکەن، ئێمە دەبێ بەردەوام باش بین و ئەمشەویش بەهەمان شێوە باش بین بۆ ئەوەی لێیان ببەینەوە، بەتایبەت کە ئەوان لە چەند هەفتەی رابردوودا بەشێوازێکی جیاواز یاریدەکەن".
 
ئەگەر ئارسیناڵ بیەوێت زیاتر خۆی لە مانچێستەر سیتی دووربخاتەوە، ئەوە تیپەکەی پێپ گواردیۆلا ئەوەی ناوێت و دەیەوێت جارێکی دیکە دەستلەملانەی ئارسیناڵ بکاتەوە لە پێشبڕکێی گرتنی پێشەنگی خولەکەدا.
 
بۆ سیتیش ئێوارەی ئەمڕۆ هاوکێشەکە نزیکە لەوەی ئارسیناڵەوە. پێپ و یاریزانەکانی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان بەرامبەر بۆرنمۆس یاریدەکەن.. ئەگەر یانەی میوان بەدوای درێژەدان بە رکابەری لەسەر نازناوی خولەکەدا بگەڕێ.. خانەخوێ، دەیەوێت لە جەنگان لەپێناو دەربازبوون لە ناوچەی مەترسیداری دابەزین بەردەوام بێت.
 
سیتی کە لە کۆی رووبەڕووبوونەوەکانی بەرامبەر بۆرنمۆس لە ئینگلتەرادا کە لە 2015ەوە دەستپێدەکات و هیچ کاتێ رووینەداوە بەرامبەر ئەو تیپە تەنانەت یەکسانیش بێت، نایەوێت ئەمشەو ئەو یانەیە دووچاری سوپرایزێکی لەناکاوی بکات و بێئومێدیی لە رکابەریکردن لەسەر نازناوی پرێمەرلیگ، جارێکی دیکە بەسەر کەشی گشتیی یانەکەدا زاڵ ببێتەوە.
 
پاش گەرمبوونی ئەو هەواڵانەی کە باس لە ناکاریگەریی ئێرلینگ هالاندی گۆڵکەری پرێمەرلیگ دەکەن، لەوەی کە رۆحی یاریکردن بە کۆمەڵی لە تیپەکەدا کوشتووە و ناتوانێ لەپێناو یاریزانەکانی چوادەوریدا قوربانیی بدات، پێشبینیکراوە جارێکی دیکە هالاند هێرشبەری سەرەڕمی سیتی بێت لە یارییەکەی ئەمشەودا بەرامبەر بۆرنمۆس.
 
پێپ وەک هەمیشە سەرسەختانە بەرگری لە یاریزانەکانی دەکات، ئەو لە وەڵامی ئەو رەخنانەدا کە ئاراستەی ئەستێرە نەرویجییەکەی کران، گوتی ئەوە لەوانەیە هەڵەی ئێمە بێت کە ئەو لە هەندێک یاریدا کاریگەر دەرناکەوێت، زیاتریش گوتی، ئەو بەدرێژایی وەرزەکە نایاب و سەرنجڕاکێش بووە.
 
هەر ئەمشەو ئێڤیرتۆن لەگەڵ شین دایچی راهێنەریدا بەدوای سێیەم بردنەوەی کارکردنیان پێکەوە دەکات، ئەو یانەیە کە ماوەیەکی کەمە لە ناوچەی دابەزین هاتووەتە دەرەوە، ئەرکی ئاسان نابێت کاتێک بەرامبەر ئاستۆن ڤێلای یانزەیەمی ریزبەندییەکە یاریدەکات، بەڵام شۆن دایچ کاتێک دەبینێ ئاستۆن ڤێلا سێ یاریی لەسەریەکە دەدۆڕێت، دەتوانێ ئەو باوەڕە لای یاریزانەکانی دروست بکات، کە ئەوانیش دەتوانن چوارەم دۆڕانی لەسەریەک بە تیپەکەی ئۆنای ئێمری ببەخشن.
 
لە کۆتایی شەممە نایابەکەی پرێمەرلیگدا، پرسیارە گەورە و سەرەکی و کاریگەرەکە ئەوەدەبێت، ئایا لیڤەرپوولی گیرخواردوو بەدەست ئەنجامە ناهاوسەنگەکان و دەرچوو لە شکستە گەورەکەی ناوەڕاستی هەفتە بەرامبەر ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ، دەتوانێ لە ژێر کاریگەریی ئەو شکستە کەمەرشکێنە بێتە دەرەوە؟.