ئامانجەکانی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان لەنێوان هاوڕا و دژبەرەکانیدا!

25-02-2022
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

د.ئەنوەر عەلی محەممەد

شاخ ھێمای خۆڕاگریی ژیان و کۆڵنەدانە. شاخ وانەی چاونەترسی، خۆشەویستی و یەک دڵیمان دەداتێ کە بە شێوەیەکی سرووشتییانە تێکەڵاوی جەستە و دەروون و ھەموو ھەستەکانمان دەبێت.
 
 لەگەڵ ھەر ھەنگاوێک لە ناو کوێستانەکاندا، ھێزێکی شاراوە کە پەیوەندییەکی سەرسوڕھێنەری لەگەڵ شانازی و زاڵبووندا ھەیە ئێمە بۆ لای خۆیی ڕادەکێشێت.
 
لەگەڵ ھەر سەرکەوتن و دابەزینێکدا ئازایەتی و سەرفرازی و باوەڕ بەخۆبوونی زیاتر لە ناخمان گەشە دەکات بە جۆرێک کە واھەست دەکەین لەگەڵ شاخ بووینەتە یەک و لە ناو کوێستان گەورەیی ئەم جیھانە و ھێزی بێسنووری دانەرەکەی بۆمان دەردەکەوێت. 
 
خاکی ھەرێمی کوردستانی باشوور  زۆربەی لە ناوچە شاخاوییەکان پێک ھاتووە،  ئەو تایبەتمەندییەش لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی بۆ ناوچەکە ھەبووە. 
 
گەلی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ شاخەکان تێکەڵ و ئاوێتە بووە، ئەو تێکەڵاوییەش ژیانێکی دوور و درێژی لە پاش خۆی بەجێھێشووە. بەڵام وەکوو وەرزش و سوود وەرگرتن لە شاخ وەکو شاخەوانیی بە مانای ئێستا، ئێمە لە سەرەتای ڕێگاکە داین. مێژووی شاخەوانیی لە کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و بە تایبەت لە ساڵی ٢٠٠٥ کە فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان دامەزرا دەست پێدەکات. لەو سەردەمەدا کە بەردی بناغەی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستانمان دامەزراند،  ئارەزوومەندانی شاخەوانیی یان کەسانێک کە شارەزایی  یاخود ئاشنایەتییان لەگەڵ ئەم وەرزشدا ھەبوو زۆر کەم و دەگمەن بوون. 
 
ھەربۆیە، بۆ پەرەپێدان و گشتگیرکردنی ئەم وەرزشە لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا چەند ڕێگایەکمان لەپێشدا بوو، یەکەم ئەمە بوو کە ھەوڵ بدرێت گرووپ و یانەکانی شاخەوانیی دروست بکرێت و پاشان وەکوو یەکێتیەک یان فیدراسیۆنێک خۆی لە ئۆرگانێکی فەرمی بناسێنێت کە ئەمە کاتێکی زۆری پێویست بوو و دیار نەبوو ڕێگاکە بەکام ئاراستەدا دەڕوات. 
 
ڕێگای دووەمیش ئەوە بوو کە پێش وەخت ئۆرگانێکی فەرمی دابمەزرێت بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی وەرزشەکانی شاخەوانیی لە کوردستان. بۆیە بە ھیمەتی ھەندێک لە ئارەزوومەندانی شاخەوانیی و دڵسۆزانی گەلەکەمان کە ئاشناسەتییان لەگەڵ ئەم وەرزشەدا ھەبوو، پلانی کار لە ساڵی ٢٠٠٥ پێشکەش بە ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی ئەوکات و ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرا و دواتریش لە ١٢/٢/٢٠٠٦ بە فەرمی بڕیاری دامەزراندنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان دەرکرا. 
 
ئامانجەکانی فیدراسیۆن ئەمانەی خوارە بوون : 
 
١ -  ناساندن و پەرەپێدان و سەرپەرشتیکردنی وەرزشەکانی شاخەوانیی لە کوردستان.
٢ – ھەڵکەوتەی کوردستان و پیرۆزی شاخەکانی،  ڕێخوشکەری بە میللی کردنی وەرزشی شاخەوانین کە فیدراسیون لە پێناویدا تێدەکۆشێ.
٣ – ھەوڵدان بۆ گشتگیر کردنی ئەم وەرزشانە کە دەبێتە مایەی ساغی ، سەلامەتی جەستەیی – دەروونی و  شادمانی کۆمەڵگە.
٤ – ڕێکخستن و داڕشتنی پلان و رێسا و یاسای پێویست بۆ وەرزشەکانی شاخەوانیی لە کوردستان کە ھەموو گرووپ و یانەکانی چالاک لە بواری شاخەوانیی پێوەی پابەندبن. 
٥ – بردنە سەرەوەی ئاستی زانستی و ھونەری وەرزشەکانی شاخەوانیی لەڕێگای  خولەکانی فێرکردن و ڕاھێنان و  بەرنامە جۆراوجۆرەکان  لەسەربنەما و ڕۆشنایی پێوەر و ستانداردەکانی جیھانی باوەرپێکراو بە تایبەت فیدراسیۆنی شاخەوانیی جیھانی. 
٦ – تۆمارکردنی زانیاری شوێنەکانی گونجاو بۆ وەرزشەکانی پەیوەست بە شاخ بەتایبەت شاخەوانیی و دانانی ڕێنمایی و ڕێسا و یاسای پێویست بۆ ئەم مەبەستە. 
٧ – دامەزراندن و پەرەپێدانی پەناگەی شاخەوانیی و کەمپی مۆدێرن لە شوێنە پێویست و گونجاوەکانی شاخەکان بۆ ئاسانکاری و ئاسایشی شاخەوانانی ناوخۆیی و بیانی.
٨ – دامەزراندن و پەرەپێدانی شوین و پێداویستیەکانی بوارە جیاوازەکانی شاخەوانیی لە شوێنەگونجاوەکان وەکو دیواری دەستکردی بەردەوانی، پیستی پایسکلی ناو چیا، ڕێڕەوی خلیسکانێی سەر بەفر و...لە ناو شار و شارۆچەکانی کوردستاندا.
٩ – رێخۆشکردن بۆ بەرھەمھێنان و دابین کردنی کەل و پەل پێویست بە وەرزشەکانی شاخەوانیی بە شێوەیەک کە بە نرخێکی گونجاو و کوالیتی باش بە فراوانی لە بەردەست بێت و پێویستیەکانی ھەموو ئاستەکان چارە بکات. 
١٠ – پڕ کردنەوەی کاتی پشووی ئارەزوومەندان و بەتایبەت گەنجان بە وەرزشێکی جەستەیی و دەروونی.
١١ – بەرگریکردن لە تووش بوونی تاکەکانی کۆمەڵگا و بە تایبەت گەنجان بە ماددە ھۆشبەرەکان و پەتاکانی تر.
١٢ – پڕکردنەوەی بۆشایی وەرزشی بۆ ھەموو چین و تووێژەکانی نێو کۆمەڵ کە ھەردوو رەگەز و ھەموو تەمەنەکان بگرێتەوە و بتوانن بە بی جیاوازی پیکەوە وەرزش بکەن لە پێناو تاک و کومەڵگایەکی تەندروست.
١٣ – کردنەوەی بوارەکانی تری وەرزشی بۆ بەشدار بوون لە چالاکی و پێشبڕکێ لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەشدا. 
١٤ - پێکھێنانی تیمەکانی  میللی(ھەڵبژاردە) شاخەوانیی بۆ سەرکەوتن بە سەر لوتکە بەرزەکانی جیھان و کوردستان.
١٥ - رەخساندنی دەرفەت و ژینگەیەکی لەبار بۆ دۆزینەوە، ناساندن و ڕاکێشانی کەسە بە تواناکان و بەھرەمەندانی وەرزشی بە تایبەت شاخەوانیی بە مەبەستی بەھێزکردن و پەرەپیدانی ئەو بورانە لە ڕووی چەندایەتی و چلۆنایەتییەوە.
١٦ – سوود وەرگرتن لە زانست و ئەزموونی گرووپ و ناوەندەکانی شاخەوانیی جیھانی.
١٧ – بە ھیز و کردن و پەرەپیدانی کلتووری لە خۆبردوویی، خۆشەویستی،  پیکەوە ژیان و رێزگرتن لە ڕێسا و یاساکان و ھەروەھا ڕا و بۆچوونی بەرامبەر و جیاواز. 
١٨ – ناساندنی سرووشتی جوان و شوێنە گەشت و گوزاریەکانی کوردستان . 
١٩ - پەرەپێدانی فەرھەنگی چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە سروشت و ژینگەی کوردستان ھەروەھا پاراستنی ئیکۆسیستمی کوێستانەکان.
 
بۆ ئەو مەبەستە ڕێگایەکی دوورو درێژمان بڕیوە کە لە ئێستادا ھەندێک لە بەرھەمەکانی  ئەو ھەوڵانە دەبینین. 
 
لەگەڵ ئەوەی کە ئێستا زەمینە لە بارە بۆ زیاتر بەرەو پیش چوون لەو بوارانەدا، بەلام کێشە و گرفت و بەربەستەکانیش کەم نین کە لەو نێوەدا  دێنە پێشەوە.
 
ڕۆژ بە رۆژ پێویستیمان بە ڕیسا و یاسای کرداری و گونجاو، ھێز و توانای مرۆیی شارەزا و کارامە، ھاوکاری و ھەماھەنگی و پشتگیری دەزگاکانی میری، تێگەیشتن و ھاوکاری دەزگا ئەمنی و نیشتیمانییەکان و تێکەلاو بوونی کەرتی گەشت و گوزاری و بە تایبەت کەرتی تایبەت، پێویستە و دەبێ ھەوڵ بدرێت ھاوسەنگییەک لە نێوانیاندا دروست بکرێت کە سوودێکی کاریگەری بۆ ڕەوتی شاخ و شاخەوانی بە ھەموو بەشەکانییەوە ھەبێت. 
 
لەڕێگای ھێنانەدی و بەرجەستەکردنی ئەم ئامانجانەدا،  کەسانێکی زۆر بە شێوەی خۆبەخش و بەبێ ھیچ چەشنە چاوەڕوانییەک ھاوکار و بەشدار بوونە، ھەروەھا  کەسانێکیش ھەن کە بە ھۆی جیاوازی ڕا یان بەرژەوەندی یان فاکتەرگەلێکی تر لەو کاروانە جیابوونەتەوە. لەونێوەشدا ھەندێک ئەجێندای جیاواز ھەیە کە دژایەتی ڕەوتەکە دەکات و ھەموو جۆرە ڕێگایەک لە جووڵاندنی ھەست و سۆز تا ناوزڕاندن و خرابکردن بە ئاست نزمترین شێوە و زمانی ناشرین دەگرنەبەر بۆ ئەوەی ئاستەنگ بخەنە ڕێگاکە یان بە لایەنی کەم بەلاڕێی دا ببەن.
 
جێی دڵخۆشییە کە ھەوڵ و ماندووبوونی دڵسۆزان و شاخەوانانی خاوەن مۆراڵ و ڕەوشتی بەرزی شاخەوانیی، لە کوردستاندا خەریکە جێی خۆی دەگرێت و بەرھەمەکەی رۆژ لە دوای رۆژ لەسەر زەمینی واقیع دەبینین. 
 
دروستبوونی گرووپەکانی شاخەوانیی لە کوردستان کە بە حەز و ئارەزووی خۆیان لە چوارچێوەی ڕێسا و یاساکانی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستاندا شاخەوانیی دەکەن، پێکھاتەی ناوەندەکانی سەربە فیدراسیۆن  کە ئەزموونی بەشداربوون و کاریگەری گرووپەکان و روحی ھاوکاری نێوانیان لە ناو کومەڵگای شاخەوانیی ڕێک دەخات و بە ھێزی دەکات، خول و سمینار و وورکشۆپە جیاوازەکان، بڕوانامە جۆراوجۆرەکان و گردبوونەوە و گەشتە سەرانسەری و ڤیستیڤاڵەکان، ھەموویان بەسەریەکەوە گەواھی ئەوەمان بۆ دەدەن کە کار و ھەنگاوی مەزن نراوە بۆ بونیادنانی ژێرخانێکی بەھێز لەو بوارانەدا. ھەرچەند ئەو ھەنگاوانە لەسەرەتادا بەھێدی و لەسەرەخۆ ڕێگاکەیان بڕیوە و کێشە و بەربەستیش لەبەردەمماندا ھەبووە، بەڵام  شێلگیرانە ھەنگاوەکانمان بڕیوە و بەشێوەیەکی ستاندارد و سیستماتیک کارمان لەسەریان کردووە.
 
ئامانجەکانی فیدراسیۆن گەورە و پیرۆزن، پێویستی بەھەموو لایەک ھەیە کار لەسەر ھێنانەدی ئەو ئامانجانە بکەن.
لەو نێوەشدا، چ ئەوانەی ڕای جیاوازیان ھەبێت دەتوانن بە کاری جیاواز و شێوازی خۆیان لە چوارچێوەی بنەما و ستانداردەکان و ھەروەھا بەشداریکردنی چالاکانەی خۆیان وە چ ئەوانەی ھاوڕای کارەکەن  دەتوانن بێنە پێشەوە و ڕۆڵی خۆیان ببینن بۆ برەودان بە وەرزشەکانی شاخ و شاخەوانیی لە کوردستاندا. بێگوومان مەیدانی کارکردنیش پان و بەرفراوانە و  زەمینەی کارکردن بۆ ھەموولایەک  وەکوو یەک ڕەخساوە.
 
ئەوەی ئێستا لەسەر فەیسبووک لە ژێر ناوی خەمخۆری و دڵسۆزی و یان حەق و ناحەقی و یان بۆ خۆھەڵکێشان بە شێوازی جۆراوجۆر دەکرێت،  ئەگەر ئاکامێکی سوودبەخشی بۆ ئەو ئامانجانە ھەبێت کە لەسەرەوە باسکران، ئێمە بەوپەڕی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە پەسندی دەکەین  وەریدەگرین، بەڵام  ئێمە لەوە  دڵنیاین ئەم زمانی قسەکردن و نووسینانە  کە دوورن لە سەرنج و تێبینی  بونیادنەرانە پرەنسیپەکانی دنیا نووسین، ھیچ ئەنجامێکی پۆزەتیڤی  نابێت!. 
 
دڵنیاشبن کە دڵسۆزان و ئاشقانی شاخەوانیی لە کوردستان بەردەوام دەبن. ھیچ کارێکیش بێ کەموکورتی نییە و نابێت!. ھیچ راستییەکیش لە ژێر ھەوردا بۆ ھەمیشەیی نامێنێتەوە. 

 

بوختان، زمانی زبر و بێ حورمەتیش لە کەسی شاخەوان ناوەشێتەوە!. 
 
پێشتریش ئەم کولتوورە لە ھێرشکردن و ناوزراندن تاقیکراوەتەوە بەلام بی سوود بووە.
 
 بۆ ھەر بابەتێکیش  کە جیاوازی بیروڕای لەسەر بێت ڕێگای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن ھەیە نەک درووستکردنی ھەراوھۆریا  ئاڵۆزکردنی دۆخەکە!.
 
بۆئەوەی ھەمیشە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و بتوانین ڕا و سەرنجی یەکتر لەسەر کۆمەڵێک خاڵی جێی بایەخ وەربگرین، لەدوای ھەر گەشتێکی شاخەوانیدا دەتوانین کۆبوونەوەی ڕەخنە و پێشنیار ئەنجام بدرێت و لەوێدا ھەموو بابەتەکان باس بکرێت ھەروەکوو  تا ئێستا ئەمە کراوە.
 
لەکۆتاییشدا دەڵێین،  بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێت و ڕاستییەکانیش بۆ ھەمیشە ناتوانرێ بشاردرێنەوە!.
 
 ئێمە خۆڕاگری لە شاخەکانەوە فێربووین،  بۆ ھێنانەدی ئامانجە گەورەکانیش  کۆڵ نادەین و لەسەر ئەو ڕاستە ڕێگایە بەردەوام دەبین. چونکە ڕێگاکەمان ڕاستە و بەرەو ئەو ئاسۆیە ھەنگاو دەنێت کە بۆی دەڕوانین.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە