خوان لاپۆرتا: بە یارمەتی مێسی تیپێکی نوێ بۆ بارسێلۆنا دروستدەکەین

رووداو دیجیتال

خوان لاپۆرتا، بەربژێری سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، جەختی لەسەر گرنگی مانەوەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لەگەڵ بارسا کردەوە، بۆ دروستکردنی ئەو تیپەی کە پێویستە لیۆ سەرکردایەتی بکات.

یانەی بارسێلۆنا لە 7ـی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەنجام دەدات، بۆ هەڵبژاردنی دەستەیەکی کارگێڕیی نوێ و هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ، بۆ ئەوەی جێگەی جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی یانەکە بگرێتەوە.

ململانێ لەسەر پۆستی سەرۆکی یانەکە لەنێوان 3 کاندیدایە، کە بریتین لە هەریەک لە تۆنی فریتشا، خوان لاپۆرتا و ڤیکتۆر فۆنت.

لاپۆرتا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ قسەکردن لەسەر بەرنامەی هەڵبژاردنی ئەنجامیدا، گوتی "گرنگی مێسی لە بارسێلۆنا بۆ ماوەی چەندین ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت".

لاپۆرتا هەروەها روونیشیکردەوە "ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنمان بەدەستهێنا و بووینە سەرۆکی بارسێلۆنا، مێسی یارمەتیمان دەدات بۆ دروستکردنی تیپێکی رکابەر، ئەو یارمەتی هەموو یانەکە دەدات".

مێسی ئێستا وەرزی کۆتایی خۆی لە بارسێلۆنا بەسەردەبات و تاوەکو ئێستا پرسی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی چارەسەرنەکراوە، بۆیە ئەگەری رۆیشتنی لە بارسا هێشتا لەئارادایە.

سەرۆکی پێشووی یانەی بارسێلۆنا لە ساڵانی 2003 تاوەکو 2010، لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا، گوتیشی "ئێمە بیر لە پێکهێنانی تیپێک دەکەینەوە کە بتوانێت 10 بۆ 15 ساڵی داهاتوو بەردەوام بێت و مێسیش دەبێتە فاکتەرێکی کاریگەر لە پێکهێنانی ئەو تیپەدا".

لاپۆرتا لە بەردەوامی قسەکانیدا، سەبارەت بە ئەگەرەکانی مانەوەی لیۆ لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە، قسەی کرد و گوتی "ئەگەر مێسی لە بارسێلۆنا هەست بە خۆشەویستی بکات، بەدڵنیاییەوە مانەوەی خۆی هەڵدەبژێرێت، بۆیە دەبێت لە یەکەم ساتەکانی کارکردنماندا هەوڵ بۆ هێشتنەوەی مێسی لە بارسێلۆنا بدەین".