باوکی ئەلیسۆن بیکەر، گۆڵپارێزی یانەی لیڤەرپوول کۆچی دواییکرد

25-02-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن باوکی ئەلیسۆن
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

باوکی ئەلیسۆن بیکەر، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی خنکا.

دۆرۆتیۆ ماچادۆ فیلیۆ، یەکێک لە لێکۆڵەرانی پۆلیسی ناوچەی لاڤراس دو سۆل رایگەیاند، خۆسێ ئاگوستینۆ بیکەر، باوکی ئەلیسۆن بیکەر، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی بەرازیل لە کاتی بەسەربردنی پشووەکەی لە مەلەوانگەی خۆی لە باشووری بەرازیل لەکاتی مەلەکردندا خنکاوە.

بەبۆنەی کۆچی دوایی باوکی ئەو گۆڵپارێزە، یانەی ئینتەرناسیۆنالی بەرازیلی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: " بە خەمبارییەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی خۆسێ ئاگوستینۆ بیکەر، باوکی هەردوو گۆڵپارێزی پێشووی یانەکەمان ئەلیسۆن و موریێلمان پێگەیشت، بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لەو دوو گۆڵپارێزە دەکەین".

پۆلیسی بەرازیل دەڵێت: رووداوەکە دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە روویداوە و هەواڵی دیارنەمانی ئەگوستینۆ لە کاژێر 17:00 بەکاتی ناوخۆی بەرازیل بڵاوبووەتەوە، پاشان تیمەکەنای ئاگرکوژێنەوە لە بەشی پۆلیسی ناوچەکە بەدوایدا گەڕاون و دوای چەند کاژێرێک لە گەڕان لە کاژێر 21:30 تەرمی بیکەر دۆزراوەتەوە.

پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستاش ئەلیسۆن هیچ پەیامێکی لەبارەی کۆچی دوایی باوکییەوە بڵاونەکردووەتەوە.

بەهۆی کۆچی دوایی باوکی ئەلیسۆنەوە، چاوەڕواندەکرێت گۆڵپارێزەکە لە یاریی داهاتووی لیڤەرپوول لە پرێمەرلیگدا بەرامبەر یانەی شیفڵد یونایتد یاریی نەکات، کە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە