ئەمڕۆ وێمبڵی و ئۆڵدترافۆرد گڕدەگرن

هەکاری قانع 

 ئەمڕۆ لە ئینگلتەرا لە دوو کات و لە دوو بۆنەی جیادا دوو یاری لوتکە ئەنجام دەدرێن، کاژێر 5:05 لە یاریگای ئۆڵدترافۆرد یانەی مانچستەر یونایتد میوانداری چێڵسی لەندەنی دەکات، یاری ئەمڕۆی نێوان ئەم دوو یانەیە دوای ئەوە دێت کە بەر لە چەند رۆژێك هەردوو یانە لە دوو یاریی تاقەت پڕوکێندا لە چامپیۆنزلیگدا ماندوو کران و ئەمڕۆش جەنگی مانەوە لە بیگ فۆڕی پریمەرلیگ ئەنجام دەدەن، کۆنتی ئیتاڵی سەربارەت بە یارییەکە دەڵێ "ئەم یارییە بۆ ئێمە زۆر گرینگە بۆ ئەوەی بتوانین لە چوار یانەکەی پێشەوەی پریمەرلیگ بمێنینەوە و وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ بین، دەبێت لەم جۆرە یارییانەدا باش یاری بکەین.

دیارە خۆزێ مۆرینیۆی بەڕێوەبەری هونەری مانچستەر یونایتدیش بۆ بەدەستهێنانی پریمەرلیگ هێشتا خۆی بەدەستەوە نەداوە و دەڵێ" ئێمە دەبێت براوە بین تاکو زیاتر لە مانچستەر سیتی دوور نەکەوینەوە.

 دوای کۆتایی هاتنی یاریی لوتکەی پریمەرلیگ و بە دیاریکراوی کاژێر 7:30 بە کاتی هەولێر مانچستەر سیتی و ئارسیناڵی لەندەنی لە یاریگە تایبەت و قەشەنگەکەی وێمبڵی لە یاریی کۆتایی جامی کاباراو کەپ (جامی خولی ئینگلیزی) بەیەك دەگەن، ئارسیناڵی دوور لە نازناوەکان و مانچستەر سیتی بەهێز و تۆکمەی ئەم وەرزە یاریی دەکەن ئەم یارییە پێشبینی دەکرێ یارییەکی پڕ لە تاموچێژ بێت بەهۆی شێوازی یاریکردنی هەردوو یانە جیاواز لە یاری لوتکەی پریمەرلیگ، مانچستەر سیتی ئەمساڵ بە ئاستێكی بێ وێنە دەرکەوتووە هەرچەندە لە هەفتەی رابردوو لە جامی یەکێتی ئینگلتەرا لەسەردەستی ویگان ئاتلێتیك ماڵئاوایی کرد بەڵام مانچستەر سیتی زیاتر بەربژێرە بۆ بەدەست هێنانی نازناوەکە.

 بەڵام ئەوەمان بیر نەچێ ئارسیناڵ وێمبڵی کردووە بە شوێنی بەدەست هێنانی نازناوەکانی و بە دەگمەن لە چەند ساڵی رابردوودا کاتێك لەو یاریگایەدا یاری کردووە لە یاریەکانی جامدا تووشی شکستبووە.