خلێفی بەبردنی ئەستێرەیەک جەنگ لەدژی ریال مەدرید بەرپا دەکات

25-01-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ناسر خلێفی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، دەیەوێت جەنگ لەدژی ریال مەدرید دەستپێبکات و بە بردنی ئەستێرەیەکی یانەی شاهانە جەنگەکە بەرپا دەکات.
 
ئەگەرچی سەرەتا پەیوەندی نێوان کارگێڕیی هەردوو یانەی ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان زۆر باش بوو، بەڵام دوای پڕۆژی سوپەرلیگ تێکچوو، و دوای بردنی کیلیان ئێمباپێش بەیەکجاری تێکچوو، بۆیە ناسر خلێفی، کە بەوە ناسراوە هەر کەسێک تووڕەی بکات ناهێڵێت بەسەریەوە بچێت، پلانێکی داناوە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ریال مەدرید.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، پاریس سانجێرمان دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا یەکێک لە ئەستێرەکانی یانەی ریال مەدرید بگوازێتەوە ریزەکانی.
 
پەیوەندیکردنی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید وایکردووە کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەر پلانەکەی لەنێو یاریزانە باڵەکانی تیپەکەدا دووبارە دابڕێژێتەوە و ناچارە هەندێکیان  رۆڵێکی کەمتریان پێبدات، لەوانەش رۆدریگۆ.
 
لەبەرامبەردا پاریس سانجێرمان بەردەوام لە هەوڵی بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەریدایە، و رۆدریگۆی ئەستێرەی ریال مەدرید بە گونجاوترین یاریزان دادەنێت، بەهۆی ئەوەی خێرایی و توانای دروستکردن و تۆمارکردنی گۆڵی زۆر باشە.
 
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، پاریس سانجێرمان ئارەزووی گواستنەوەی رۆدریگۆی هەیە و بەنیازە لەم هاوینەدا بەدوای ئەو ئەستێرە بەرازیلییەدا بگەڕێت، و هەوڵ بدات بەهەر نرخێک بێت رازی بکات ریزەکانی ریال مەدرید جێبهێڵێت.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، یانە فەرەنسییەکە سەرسامە بە تواناکانی رۆدریگۆ بۆ یاریکردن لە هێڵی هێرشبردنی تیپەکەدا، هەروەها بە بژاردەیەکی بەهێزی دەزانێت بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبردن کە عوسمان دێمبلی و برادلی بارکۆلا لەخۆدەگرێت.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیاری کۆتایی لە دەستی ئەو یاریزانە دەبێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا رۆدریگۆ مەیلی مانەوە و نووسینی مێژوو لە پایتەختی ئیسپانیا هەیە، هەروەها درێژبوونەوەی ماوەی گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2028 وایکردووە هیچ یانەیەکی دیکە دانوستاندن لەسەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە نەکات.
 
سەبارەت بە بەهای گواستنەوەی لە بازاڕدا، ماڵپەڕی ترانسفێر مارکێت تێچووی یاریزانە بەرازیلییەکە بەنزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنێت.
 
رۆدریگۆ ئێستا لەگەڵ ریال مەدرید ئاستێکی نایاب پێسکەش دەکات، دوای دەستپێکردنێکی خراپ لەسەرەتای وەرزەکە، کە تووشی پێکانێکی ماسوولکەیی بووبوو.
 
رۆدریگۆ لە ساڵانی رابردوودا بووەتە ئامانجی یانە گەورەکانی پرێمەرلیگ، کە مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول کێبڕکێیان کردووە بۆ گواستنەوەی بۆ ریزەکانیان.
 
ئەو یاریزانە بەرازیلییە تەمەن 24 ساڵە، لەم وەرزەدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 26 یاری لەگەڵ ریال مەدرید ئەنجامداوە، و 10 گۆڵی تۆمارکردووە و 6 ئەسیستیشی هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە