رووداو دیجیتاڵ
ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەفەرمی لە دادگایەکی شاری بارسێلۆنا، سکاڵای لەسەر هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا تۆمارکرد و تۆمەتباریکردوون بەرەگەزپەرستی بەرامبەری.
ئەو رووداوەی ڤینیسیۆس سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە، پەیوەندیی بەیاریی کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانە هەیە لە رۆژی 28ی مانگی دەی ساڵی رابردوو لەسەر یاریگەی مۆنتوجویک کە بەسەرکەوتنی ریال مەدرید 2 - 1 گۆڵ کۆتاییهات.
ڤینیسیۆس رایگەیاندووە دەیەوێت لەهەنگاونان بەئاراستەی سکاڵاکردن لەسەر ئەو هاندەرانە بەردەوام بێت.
هێرشبەرەکەی ریال مەدرید، لەرێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە و بەئامادەبوونی پارێزەرەکەی، لەبەردەم دادوەری شاری بارسێلۆنادا قسەیکرد و دووپاتیکردەوە هاندەرانی بارسێلۆنا لە یارییەکەدا رەگەزپەرستییان بەرامبەری بەکارهێناوە.
دادگای بارسێلۆنا، لێکۆڵینەوە لە تۆمەتبارکردنی دوو کەس لە هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە دەکات، بەرەگەزپەرستیکردن بەرامبەر ڤینیسیۆس.
دوو هاندەرە تۆمەتبارەکە لەبەردەم کارمن گارسیا، دادوەری دادگای بارسێلۆنا ئامادەبوون، لە کاتێکدا ڤینیسیۆس وەک قوربانییەک سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون.
تۆمارە ڤیدیۆییەکانی نێو یاریگەی مۆنتوجویک و قسەی شایەدحاڵەکان، رێخۆشکەر بووە بۆ ناسینەوەی سێ هاندەرانی بارسێلۆنا کە یەکێکیان خوار 18 ساڵە، کاتێک رەگەزپەرستییان بەرامبەر ڤینیسیۆس کردووە، لە کاتێکدا دوو تۆمەتبارە گەورەکە، تاوانەکە رەتدەکەنەوە.
ئەمە یەکەم دۆسێی تاوانکاریی رەگەزپەرستانە نییە بەهۆی رەگەزپەرستی لە دژی هێرشبەرەکەی ریال مەدرید دەکرێتەوە. پێشتر لە مانگی شەشی ساڵی رابردوودا، سێ هاندەری یانەی ڤالێنسیا بەبەندکردن بۆ ماوەی هەشت مانگ بەهۆی رەگەزپەرستییەوە بەرامبەر ئەو یاریزانە سزادران.
لەکاتێکدا چوار هاندەری دیکە، تۆمەتبارن بەلەسێدارەدانی بووکەڵەی ڤینیسیۆس بەسەر یەکێک لە پردەکانی نزیک لە شاری وەرزشیی ریال مەدرید لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ