رووداو دیجیتاڵ
رکابەرییەکانی گەڕی 23ـی پرێمەرلیگ دەستپێدەکەن و یاریی لووتکەی ئەم گەڕەی خولەکە لەنێوان هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و چێڵسی دەبێت.
یارییەکە دوایین یاریی ئەمڕۆی رکابەرییەکانی خولەکەیە و لە یاریگەی ئیتیحاد بەڕێوەدەچێت، مانچێستەر سیتی دوای دۆڕانە گەورەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگدا دەیەوێت سێ خاڵی دیکە لە پرێمەرلیگدا بباتەوە، بۆ ئەوەی پلەی چوارەمی ریزبەند وەربگرێت و پێش چێڵسی بکەوێت.
بەر لەم یارییە چێڵسی بە جیاوازی دوو خاڵ لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە پلەی چوارەمە و رکابەریی هەردوو تیپ بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە.
دوای واژۆکردنی گرێبەستی عەبدوقودیر خوسانۆڤ، ڤیتۆر ریێس و عومەر مەرمووش، چاوەڕواندەکرێت گواردیۆلا ئەمڕۆ هەلی یەکەم بەشداریکردن بە درێسی یانەکەوە بداتە یاریزانە نوێیەکانی.
رۆدری هێرناندێز و ناتان ئاکێ بەهۆی پێکانەوە یاری ناکەن و ئۆسکار بۆبیش ئەگەری یارییکردنی زۆر نییە.
لە ریزەکانی یانەی چێڵسی ویسلی فۆفانا، رۆمیۆ لاڤیا و بێنۆیت بادیاشیلی بەهۆی پێکانەوە یاری ناکەن.
پێپ گواردیۆلا راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی " ئێمە وەرزی داهاتوو بەهێزەوە دەگەڕێینەوە بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکان. ئامانجی ئێستامان مانەوە و گەیشتنە بەچامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، هەروەها رکابەریکردن لەسەر نازناوێک ئەگەر بکرێت و نەگەینە لووتکەی ئاستی خۆمان. ئێمە دەبێ راستییەکە قبووڵ بکەین کە راستییەکی زۆر دوورە لەوەی لەسەری راهاتووین لە ماوەی هەشت، نۆ ساڵی رابردوودا. ئەوەی بەدەستمان هێنا لەو ماوەیەدا ئەوە ریزپەڕ بوو، هەر ئەوەش وایکرد من بەشێوەیەکی گەورەتر لەوە تێبگەم کە ئەوەی کردوومانە ریزپەڕ بووە، بەڕاستی ریزپەڕبوو."
گواردیۆلا زیاتر دەڵێت " شێوازی یارییکردنی ئێمە پشتدەبەستێت بەکۆنترۆڵی تۆپ، هەرلەبەرئەوەش گرێبەستیان لەگەڵ مندا کردووە، ئێمە ئێستا لەو لایەنەوە کێشەمان هەیە، دەبێ ئاستی خۆمان بەدەست بهێنینەوە، ئەگەر وانەکەین، ناگەینە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، تەنانەت لەوانەیە نەگەینە پێنج پلەکەی یەکەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ. من دەزانم هەمووان حەزدەکەن بزانن ئایا ئێمە کورسییەکی چامپیۆنزلیگ دەستەبەر دەکەین یان نا، من دڵنیام چامپیۆنزلیگ نابەینەوە. ئێستا یانە گەورەکانی وەک چێڵسی و مانچێستەر یونایتد لە چامپیۆنزلیگ نین، لەوانەیە وەرزی داهاتوو ئێمەش لەوێ نەبین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ