رووداو دیجیتاڵ
تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر لە خولی نایابی کوردستاندا، بەبێ ئەوەی هیچ مەشق و راهێنانێک بکات بەرامبەر یانەی ئاکرێ یاری دەکات و 40 رۆژە یاریزانەکانی مووچەیان وەرنەگرتووە.
ئەمڕۆ شەممە، لە یارییەکی دواخراوی خولی تۆپی پێی یانە نایابەکانی کوردستان، یانەی هەولێر لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی ئاکرێ یاری دەکات، ئەم یارییە بڕیاربوو لە 14-11-2024 بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوکاتە گرژی کەوتە نێوان هەردوو یانە یارییەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا و ئەمڕۆ وادەی بەڕێوەچوونی یارییەکەیە و ئەگەر یارییەکە بکرێت، یاریزانەکانی هەولێر بەبێ مەشقکردن یارییەکە ئەنجامدەدەن.
بەپێی بەدواداچوونی دێسکی وەرزشیی تۆڕی میدیایی رووداو، یانەی هەولێر لە دوای رۆژی 19ـی ئەم مانگەوە و یارییەکەیان بەرامبەر یانەی شەقڵاوە کە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون، بایکۆتی مەشق و راهێنانەکانیان کردووە، 6 رۆژە تیپەکە هیچ مەشقێکی نەکردووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە مووچەیان وەرنەگرتووە.
تیپی خولی کوردستانی یانەی هەولێر 22 بۆ 23 یاریزان دەبن، مووچەی کۆی گشتی تیپەکەیان دەگاتە 30 ملیۆن دینار، رۆژی 15ـی مانگ وادەی دابەشکردنی مووچەکەیانە، بەڵام 10 رۆژ تێپەڕیووە و مووچەیان پێنەدراوە، ئەمە هۆکاری بایکۆتکردنی مەشقەکانە.
رۆژی هەینی، راهێنەری یانەکە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەشێک لە یاریزانەکانی کردووە، بەڵام لەو کۆبوونەوەیەشدا زۆرینەی یاریزانەکان ئامادەنەبوون و تەنیا 12 یاریزان چوونەتە کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی دۆخی خۆیان و یارییەکەی ئەمڕۆیان بکەن.
درەنگانی شەوی رابردوو، جێماو کاڕەش، ئەمینداری دارایی یانەکە بە رووداوی گوت "ئەمڕۆ بەر لە یارییەکە مووچەی یاریزانەکان لە ماڵەوە دەهێنم و پارەکەیان دەدەین."
رووداو زانیوویەتی، ناکۆکییەکی زۆر لەنێوان ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر هەیە، هەر ئەوەش هۆکاری دواکەوتنی مووچەی یاریزانەکانی تیپی خولی کوردستانی یانەکەیە.
نەدانی مووچەی یاریزانانی تیپە جیاوازەکانی یانەی هەولێر بووەتە کێشەیەکی گەورە و ئەمە زیاتر لە جارێکە لە تیپە جیاوازەکانی ئەو یانەیەدا بەهۆی نەدانی مووچەوە بایکۆت دەکرێت، دوو رۆژ بەر لە یارییەکەی بەرامبەر یانەی کەربەلاش لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یاریزانانی تیپی یەکەمی یانەکە بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکانیان ئامادەنەبوون مەشق و راهێنانەکانیان ئەنجامبدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ