ڤیدیۆ؛ ئەستێرە بەنێوبانگەکانی ژاپۆن قسە بۆ رووداو دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی ژاپۆن، دوای سەرکەوتنیان لە سێیەم یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیادا و گەیشتنیان بە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکەن و باس لە سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەیان و قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
 
هەریەکە لە تاکیفوسا کوبۆ، ئەستێرەی یانەی ریال سۆسیدادی ئیسپانی، تاکۆمی مینامینۆ، ئەستێرەی یانەی مۆناکۆی فەرەنسی و وتارۆ ئیندو، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی لیڤەرپوول قسەیان بۆ رووداو کردووە.
 
کوبۆ دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەی لەبارەی ئەو هەڵبژاردەیەی لە قۆناخی داهاتوودا رووبەڕووی دەبنەوە بە رووداوی گوت "نازانم، من پەیامم بۆ تیپەکانی دیکە نییە، بەڵکو پەیامم بۆ هاندەرانی هەڵبژاردەکەمان هەیە، سوپاس بۆ پشتگیرییەکانتان، ئێمە تاوەکو کۆتایی لە رکابەریکردن بەردەوامدەبین. لە رۆژانی داهاتوودا یارییەکی دیکە ئەنجامدەدەین و خۆمان بۆ ئەو یارییە ئامادەدەکەین."
 
یاریزانەکەی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ژاپۆن زیاتر گوتی "پێویستە یارییەکانی دیکە ببینین، ئەگەری هەیە رووبەڕووی کۆریا ببینەوە، ئەگەر بەحرەینیش یارییەکەی خۆی بباتەوە، ئەگەری هەیە بەرامبەریان ئەوان بکەوین، نازانم لە قۆناخی داهاتوودا رووبەڕووی کام تیپ دەبینەوە، بۆیە دەبێت سەرنجمان لەسەر یارییەکە بێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا کوبۆ گوتی "بە دڵنیاییەوە ئەوە گرنگە، بەڵام تیپەکەمان گرنگترە، پێویستە بەباشی راهێنانەکان ئەنجامبدەین، ئێمە شەش رۆژمان لەبەردەستە و پێویستە بەباشی خۆمان بۆ یارییەکە ئامادەبکەین."
 
ئەم قسانەی تاکیفوسا کوبۆ بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کردی، بەر لە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی کۆریای باشوو بەرامبەر مالیزیا و بەحرەین بەرامبەر ئوردن بوو و لە قۆناخی داهاتوودا، ژاپۆن بەرامبەر بەحرەین یاریی دەکات.
 
لەلایەن خۆیەوە تاکۆمی مینامینۆ، هێرشبەری هەڵبژاردەی ژاپۆن و یانەی مۆناکۆی فەرەنسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بۆمن وەکو یەک وایە، چونکە بەرامبەر هەر تیپێک هەوڵدەدەم یەک عەقڵییەتم هەبێت."
 

 

مینامینۆ دەڵێت " لە قۆناخی داهاتوودا رووبەڕووی هەر هەڵبژاردەیەک ببینەوە کێشە نابێت.، هەڵبژاردەی کۆریا هەمیشە گەورەترین رکابەری ئێمە بووە، شتێکی سەرنجراکێش دەبێت ئەگەر لە یاریی کۆتایی رووبەڕوویان بینەوە، ئەوە یارییەکی قورس دەبێت."
 
واتارۆ ئیندۆ، کاپتنی نوێی هەڵبژاردەی ژاپۆن و ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول لەبارەی ئەگەری بردنەوەی نازناوی جامی ئاسیا بە رووداوی گوت "بەڵێ، چونکە ئێمە دەمانەوێت بەدەستی بهێنین، ئێمە هەوڵ دەدەین جامی ئاسیا ببەینەوە."
 
ئیندۆ گوتی "ئێمە لەم یارییەدا باشترین هەوڵی خۆماندا، ئەوەش گرنگترین شتە. پێویستە بەم شێوەیە یاری بکەین، پێموایە هەڵبژاردەکەمان بەردەوام بەرەوپێش دەچێت و هەوڵ دەدەین یارییەکانی داهاتوو ببەینەوە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا واتارۆ دووپاتیکردەوە و گوتی "وەک کاپتنی هەڵبژاردەکە خەونم ئەوەیە نازناوەکە ببەمەوە، ئێمە هەوڵ دەدەین نازناوەکە بەدەستبهێنین."
 
هەڵبژاردەی ژاپۆن لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیادا، لە کۆمەڵەی چوارەم لە سێ یارییدا دوو بردنەوە و دۆڕانێکی هەبوو و بە دووەمی کۆمەڵەکە بە 6 خاڵ گەیشتە قۆناخی 16 و لەو قۆناخەدا بەرامبەر هەڵبژاردەی بەحرەین یاریی دەکات.