راهێنەر و یاریزانانی بارسێلۆنا چاویان لە چامپیۆنزلیگە

25-01-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی بارسێلۆنا لە دووەم پاڵەوانێتی ئەمساڵ دەرکرا، جامی شای ئیسپانیا، پاش ئەوەی 2-4 بە ئاتلێتیک بیلباو دۆڕا، راهێنەر و یاریزانانی یانەکە، سەرەڕای ئەوەی داوایلێبوردنیان لە هاندەرانیان کرد، بەڵام هێشتا هیوایان بەوە ماوە وەرزێکی باش پێشکێش بکەن.
 
چاڤی راهێنەر و هەندێک لە یاریزانەکانی سوورن لەسەر ئەوەی کە ئەوان دەتوانن لەسەر ئاستی چامپیۆنزلیگ و لالیگادا رکابەری بکەن.
 
راهێنەری بارسا گوتی "هێشتا چامپیۆنزلیگ و لالیگامان لەپێشە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر هەردوو نازناوەکە بکەین".
 
ئەو راهێنەرە گوتیشی "ئەمڕۆ نائومێد بووم، چونکە نازناوێکمان لەدەستدا کە هیوایەکی زۆرمان بۆ بردنەوەی هەبوو. یارییەکە لە یاریگایەکی زۆر سەخت بوو، ئاتلێتیک بیلباو شایەنی سەرکەوتن بوو، بەڵام هەست بە شانازی دەکەم بە یاریزانە لاوەکانم".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمڕۆ دەتوانین شانازی بە شێوازی رکابەرییەکانمانەوە بکەین، ئێوە بە ئەنجامەکە بڕیارمان لەسەر دەدەن، بەڵام دەتوانین لەگەڵ شتە ئەرێنییەکان بمێنینەوە".
 
رۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری بارساش دووپاتی لە هەمان شت کردەوە و گوتی "ئێمە دوو پاڵەوانێتیمان ماوە کە دەتوانین رکابەری لەسەر نازناوەکانیان بکەین".
 
لامین یامال، یاریزانی لاوی بارسێلۆنا، کە گۆڵێکی لە یارییەکەدا تۆمارکرد، بەڵام دوو هەلی زۆر ئاسانیشی لەدەستدا، کە دەکرا ئەنجامی یارییەکە بەتەواوی بگۆڕن، داوایلێبوردنی لە هاندەرانی بارسا کرد و دووپاتیکردەوە، کە ئەوان هێشتا دەرفەتی ئەوەیان لەپێشە بۆ پێشکێشکردنی وەرزێکی باش.
 
پێدری یاریزانێکی دیکەی بارسێلۆنا بوو، کە دوای یارییەکە قسەی کرد و گوتی "ئێمە دەمانویست ئەم نازناوە بەدەستبهێنین، ئەوە لە مێشکماندا بوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین".
 
ئەو یاریزانە گەنجەی بارسا، دانی بەوەدانا کە تووشی شکستێکی دیکە بوون، بەڵام گەشبینی خۆیشی بە وەرزەکە نیشاندا و گوتی "راستە شکستمان هێنا، بەڵام دوو نازناومان ماوە، خولی ئیسپانی و چامپیۆنزلیگ، هێشتا دەتوانین رکابەری بکەین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە