راهێنەری عێراق ستایشی ئەیمەن حوسێن دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، ستایشی ئەیمەن حوسێن هێرشبەر و گۆڵکاری هەڵبژاردەکە دەکات و دەڵێت "ئەگەر لێدانی سزای دووەمیشی لەدەستبدابا، نیگەران نەدەبووم."
 
کاساس دوای بردنەوەیان لە ڤێتنام، بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لەبارەی جێبەجێکردنی لێدانە سزاکانەوە لەلایەن ئەیمەن حوسێنەوە گوتی "کاتێک یاریزانێک دەیەوێت لێدانی سزا جێبەجێبکات رێگریی لێناکەم، لە راستیدا ئەمە بڕیارێکی کەسییە لە هەر کاتێکدا، پێمخۆش نییە یاریزانێکی دیکە لێدانی سزاکە جێبەجێ بکات، من ئەوەم بەلاوە باشترە کە یاریزانێک متمانەی بەخۆی هەبێت، ئەگەر ئەیمەن جارێکی دیکەش شکستیهێنابا نیگەران نەدەبووم، چونکە ئەو زۆر ئازابوو بۆ جێبەجێکردنی لێدانی سزای دووەم."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی دەتوانن رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی جامی ئاسیا بکەن و هەڵبژاردەکە سیناریۆی 2007 دووبارەبکاتەوە؟ خیسوس لە وەڵامدا گوتی "هەمان دۆخە، ئێستا، لە یەک یارییدا، لە یەک هەڵەدا، لە یەک یارییدا، لە هەموو یارییەکدا، لەوانەیە کۆتاییمان پێبێت و بڵێین ماڵئاوا، بۆیە لە هەموو ساتێکدا، لە هەموو یارییەکەدا، مەحاڵە بیر لە دوو براوە یان دیاریکردنی دوایین دوو براوە بکەینەوە، روونە کە ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگە هەروەها کەشی نێو تیپەکەش، بەڵام لە قۆناخی داهاتوودا، بەڵێ یان نا، بارودۆخەکە تەواو جیاوازە."

 
راهێنەرە ئیسپانییەکەی هەڵبژاردەی عێراق، سەرەڕای سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەی بۆ قۆناخی داهاتوو لە ئاستی تیپەکە لە یاریی بەرامبەر ڤێتنام رازی نەبوو و گوتی "لە مەشقەکاندا کارمان لەسەر هەندێک شت کردبوو و رێنوێنی یاریزانەکانم کردبوو، بەڵام ئەوەیان جێبەجێنەکرد کە پێیانگوترابوو."
 
هەڵبژاردەی عێراق یەکەمجارە لە مێژووی خۆیدا لە جامی ئاسیادا، هەرسێ یارییەکەی قۆناخی کۆمەڵەکان دەباتەوە، ئەیمەن حوسێن، یەکەم یاریزانە لە مێژووی تۆپی پێی عێراقدا، لە یەک وەشاندا 5 گۆڵ لە جامی ئاسیادا تۆماربکات و ئێستا لە پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی جامی ئاسیایە.