ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا بە 4 گۆڵ لە جامی شا دەرکرا

رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا بەردەوامە لەسەر ئاست و ئەنجامە خراپەکانی و جارێکی دیکە تووشی شکستێکی دیکە بوو، و لە جامی شای ئیسپانیا دەرکرا.
 
بارسێلۆنا لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، لەسەر یاریگەی سان مامێس، بووە میوانی ئاتلێتیک بیلباو و بە ئەنجامی 2-4 پێیدۆڕا و لە پاڵەوانێتییەکە دەرکرا، دوای ئەوەی یارییەکە گەیشتە دوو گێمی زیادکراو، پاش ئەوەی یارییەکە لە هەردوو گێمی ئاساییدا بە ئەنجامی 2-2 کۆتاییهات.
 
تیپی خاوەن ماڵ دەستپێشخەربوو، و هەر لە یەکەم خولەکدا گۆرکا گۆرۆزیتا تۆڕی گۆڵی بارسای هەژاند.
 
لە خولەکی 26 رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی گۆڵی یەکسانبوونەوەی بۆ تیپی میوان تۆمارکرد. دوای 6 خولەک لامین یامال بەشێوەیەکی جوان گۆڵی دووەمی بۆ بارسا تۆمارکرد.
 
نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی یانە کەتەلۆنییەکە بە ئەنجامی 2-1 کوتاییهات، بەڵام بیلباو نیوەی دووەمیشی وەک نیوەی یەکەم بە گۆڵکردن دەستپێکرد، کاتێک ئۆهیان سەنسێت لە خولەکی 49ـدا گۆڵی دووەم و یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی تۆمارکرد.
 
یارییەکە لە کاتی ئاساییدا دوو بە دوو کۆتاییهات و هەردوو یانەکە پەنایان بردە بەر دوو گێمی زیادکراو، کە تیایاندا تیپی خاوەن یاریگە باڵادەست و سەرکەوتوو بوو، دوای ئەوەی هەردوو برا، ئنیاکی و نیکۆلاس ویلیامز توانییان لە خولەکەکانی 105+2 و 120+1 دوو گۆڵی دیکە بۆ بیلباو تۆماربکەن و یانەکەیان بگەیننە قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا. بارسێلۆناش ماڵئاوایی لە دووەم پاڵەوانێتی ئەمساڵ کرد، دوای ئەوەی لە سعودیەش یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیای بە ریال مەدرید دۆڕاند.