ڤیدیۆ؛ بە گوڵ و ئاڵای کوردستانەوە پێشوازی لە رێوان ئەمین کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی سێمێل لە پارێزگای دهۆک رێوڕەسمێکی رێزلێنان بۆ رێوان ئەمین، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق رێکخرا، دوای ئەوەی نازناوی جامی کەنداوی 25ـی لەگەڵ هەڵبژاردەکە بردەوە.
 
رێوان بۆ یەکەمجار لە پاڵەوانێتییەکدا بەدرێسی هەڵبژاردەی عێراقەوە یارییکرد و لە جامی کەنداوی 25 رۆڵی لە بردنەوەی نازناوەکەدا بینی، کە یەکێک لەو یاریزانە کوردانەبوو کە خیسۆس کاساس متمانەی پێبەخشی بۆ یارییکردن لە هەڵبژاردەکەدا.
 
دوای زنجیرەیەک پێشوازی و رێزلێنان رێوان ئەمین چووە شوێنی باوک و باپیرانی و لەلایەن یانەی سێمێلی پارێزگای دهۆکەوە رێوڕەسمێکی رێزلێنانی بۆ رێکخرا و بە گوڵ و ئاڵای کوردستانەوە پێشوازی لەو یاریزانە کوردە کرا، بەرامبەر ئەو دەستکەوتەی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەدەستیهێناوە.
 
رێوان ئەمین بە رەچەڵەک خەڵکی سێمێلە، بەڵام لە تەمەنی 3 ساڵییەوە چووەتە هۆڵەندا و لەوێ گەورەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا بادینییەکی باش دەزانێت و ئەمە جاری سێیەمە دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان.
 
رێوان لە کاروانی یارییکردنیدا سەرەتا بۆ هەڵبژاردەی خوار 17 ساڵانی هۆڵەندا یارییدەکرد، بەڵام ئێستا یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە، لەسەر ئاستی یانەکانیش لە یانەی هێرنڤینی هۆڵەندی، دالکورد و ئۆسترشۆندی سوێدی یارییکردووە و ئێستا بێ یانەیە و یاریزانێکی ئازادە.