ڤیدیۆ؛ تێن هاگ: نازناو دەبەینەوە

25-01-2023
ئیحسان تاهیر
تێن هاگ
تێن هاگ
نیشانەکردن تێن هاگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، دووپاتیکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بەدەستهێنانی نازناوێک. گوتیشی "ئێمە سەرکەوتووین و بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆین".
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی مانچێستەر یونایتد لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی کاراباوکەپدا، دەبێتە میوانی نۆتینگهام فۆرێست.
 
ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و گوتی "بردنەوەی نازناو باشترین هەستە کە دەتوانیت هەتبێت. من لە ژیانی وەرزشیمدا بەختم هەبووە هەندێک نازناوم بەدەستهێناوە، زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە، بەتایبەت بۆ هاندەران". 
 
راهێنەری هۆڵەندی هەروەها گوتی "پێموایە هەوادارانی لێرە ئەزموونیان هەیە لەو بارەیەوە، بەتایبەت ئەوانەی بەتەمەنترن. بەڵام ئێستا بە قۆناخێکدا تێدەپەڕین کە مانچێستەر یونایتد نازناو ناباتەوە و ئەوە ماوەیەکی زۆری خایاندووە. ئێمە ئەوە دەزانین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەدەستهێنانی نازناوێک".
 
ئەو زیاتر گوتی "پرسەکە پەیوەندی بە بردنەوەی جامەکانەوە هەیە، بۆیە هەلێکی باشمان هەیە، بەڵام دەبێت یاری بە یاری وەربگرین، ئێستا ئێمە یاری فۆرێست دەکەین کە چوون و گەڕانەوەیە، بۆیە دەبێت سەرنجمان لەسەر یاری یەکەم بێت، نابێت لەوە دوورتر بیر بکەینەوە، چونکە ئەوە سەرقاڵمان دەکات. ئێستا ئامانجمان ئەوەیە ئەم یارییە ببەینەوە".
 
راهێنەری یانەی شەیتانە سوورەکان، دووپاتیشیکردەوە کە تیپەکەیان سەرکەوتووە و گوتی "ئێمە سەرکەوتووین، بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆین، لە رووی نازناوەکانەوە سەرکەوتوو نین، بەڵام لە رووی ئەوەی لە کوێین سەرکەوتووین، لە مانگی یەکدا جام نابەینەوە، تەنانەت لە مانگی شوباتیش نابەینەوە، بەڵام دەتوانین لە ئاداردا جامێک ببەینەوە. بۆیە دەبێت ئەوە ئامانجمان بێت و بەرەو ئەوە دەڕۆین، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە لە شوێن و پێگەی گونجاودا بین کاتێک مانگی نیسان دێت، بۆ ئەوەی هەوڵبدەین و نازناوەکان بەدەستبهێنین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە