رۆبێرتۆ مانچینی سوپرایزێکی بۆ ئیتاڵییەکان هەیە

25-01-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆبێرتۆ مانچینی ماریۆ بالۆتێلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، لیستی ناوی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی بۆ یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر راگەیاند، کە سوپرایزێکی تێدایە.
 
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا رۆژی 24ـی مانگی 3 لەسەر یاریگەی رینزۆ باربێرا لە پێشکۆتایی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، رووبەڕووی هەڵبژاردەی مەسەدۆنیای باکوور دەبێتەوە.
 
ئەگەر ئیتاڵیا توانی بەربەستی مەسەدۆنیای باکوور تێپەڕێنێت، رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان پۆرتوگال و تورکیا دەبێتەوە، ئینجا براوەی ئەو یارییە یەکلاکەرەوەیە بلیتێکی مۆندیال وەردەگرێت و دەگاتە قەتەر.
 
سوپرایزی مانچینی بانگهێشتکردنەوەی ماریۆ بالۆتێلییە بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، کە راهێنەری هەڵبژاردەی ئازووری داوایلێکردووە ئامادەی کەمپێکی مەشقی 3 رۆژی ببێت و پابەندبێت، هەروەها جواو پێدرۆش یەکێکە لەو 7 یاریزانە نوێیەی مانچینی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەنگهێشتی کردوون.
 
ماریۆ بالۆتێلی، ئێستا یاریزانی یانەی ئەدەنەسپۆری تورکییە و لەگەڵیدا ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، بۆیە لە چەند یانەیەکیشەوە داوادەکرێت، کە بەر لە چەند رۆژێک میدیای بەریتانیا ئاشکرایکرد کە بەرپرسانی یانەی نیوکاسڵی ئینگلیزی بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ بالۆتێلی دەکەنەوە، بەڵام هێشتا هیچ دەستەوارەیەکیان پێشکێشی یانەی ئەدەنەسپۆری تورکی نەکردووە.
 
ماریۆ بالۆتێلی، کە ماوەی 3 ساڵە لە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دوورخراوەتەوە، یەکێکە لەو 35 یاریزانەی لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی ئیتاڵیادا کۆدەبنەوە و دواتر پێکهاتەی کۆتایی هەڵبژاردەکە لەلایەن مانچینییەوە بۆ پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی قەتەر دەستنیشان دەکرێت.
 
ماریۆ بالۆتێلی، کە هەمیشە کێشە دروستدەکات، پێشتر دوو ئەزموونی لەگەڵ دوو یانەی پرێمەرلیگ تاقیکردووەتەوە، یەکەمیان لەگەڵ مانچێستەر سیتی و دووەمیشیان لەگەڵ لیڤەرپوول.
 
بالۆتێلی تەمەن 31 ساڵ، تاوەکو ئێستا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، 9 گۆڵی بۆ ئەدەنەسپۆر تۆمارکردووە و 4 ئاسیستیشی هەیە، کە لە دوایین 4 یارییدا 3 گۆڵی کردووە.
 
ماریۆ بالۆتێلی لە هاوینی 2020 گەڕایەوە ئیتاڵیا، لە رێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ یانەی بریشیا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، نەیانتوانی بگەنە خولی پلە یەکەکانی ئیتاڵیا، دواتر ماوەی 6 مانگ بەبێ یانە مایەوە بەر لەوەی بچێتە ریزەکانی یانەی مانزۆ، ئینجا جارێکی دیکە بەبێ یانە مایەوە، تاوەکو چووە ریزەکانی ئەدەنەسپۆر.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە