ئۆزێل سیاسەتمەدارانی تورکیا تووڕە دەکات

رووداو دیجیتال

زۆر لە چاودێرانی سیاسی تورک، رەخنە لە یانەی فینارباخچە و میدیای تورکیا دەگرن، بەهۆی گرێبەستکردن لەگەڵ مەسعود ئۆزێلی یاریزانی ئەڵمانی.

پەیوەندیکردنی ئۆزێل بە یانەی فینارباخچەی تورکییەوە، بووە جێگەی بایەخی میدیای تورکیا، کە چەند رۆژێک مانشیتی سەرەکی رۆژنامە و سۆشیال میدیای ئەو وڵاتە بووە، ئەمەش زۆر لە سیاسەتمەدار و چاودێرانی ئەو وڵاتەی تووڕەکرد، کە پێیانوایە کەسێک دەستبەرداری وڵاتینامەی وڵاتەکەی بێت، شایەنی ئەو هەموو بایەخ پێدانە نییە.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە تورکیا دەڵێن "ئەوکاتەی ئەو فڕۆکەیەی ئۆزێلی تێدابوو دەستی بە فڕین کرد لە لەندەنەوە بەرەو ئیستەنبوول، زیاتر لە 370 هەزار کەس چاودێری ئاراستەی فڕۆکەکەیان دەکرد، بۆ ئەوەی دڵنیابن لە گەیشتنی ئۆزێل بۆ تورکیا".

چاودێرانی سیاسی، پێیانوایە ئەم گەورەکردنەی ئەو یاریزانە و هاتنی بۆ یانەیەک کە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا هاندەریەتی، رەهەندێکی سیاسی لەپشتەوەیە، لە کاتێکدا نەدەبووایە ئەوەندە بایەخ بە یاریزانێک بدرێت، کە لە ساڵی 2007 دەستبەرداری وڵاتینامەی تورکی بووە، کاتێک بڕیاریدا هەڵبژاردەی نیشتیمانیی تورکیا رەتبکاتەوە و یاری بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمانیی ئەڵمانیا بکات.

ئەوان دەڵێن "دەستەڵاتدارانی تورکیا دەیانەوێت پاڵەوانێکی نەتەوەیی خەیاڵی دروستبکەن، کە لە بنەڕەتدا شایەنی ئەوە نییە".

ئەمە لە کاتێکدایە، کە یانە تورکییەکە پارەیەکی زۆر لە گرێبەستی ئۆزێل خەرجکردووە، ئەگەرچی بە هاتنی ئۆزێل بڕی فرۆشەکانی بە رێژەی 7٪ زیادیکردووە.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، دەڵێن "دوو کەس گوشاریان خستووەتە سەر ئۆزێل بۆ جێهێشتنی پرێمەرلیگ و پەیوەندیکردن بە خولی تورکیاوە، کە ئۆزێل ناتوانێت قسەیان رەتبکاتەوە، ئەوانیش رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا و ئامینە گوڵشەی هاوژینی ئۆزێلن".

ئەردۆغان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئۆزێل هەیە و ئەوکاتەی لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دوورخرایەوە، سەرۆککۆماری تورکیا پشتگیری لێکرد و لە ئیستەنبووڵ پێشوازی لێکرد، هەروەها رۆژی 7ی حوزەیرانی 2019 کاتێک ئاهەنگی هاوسەرگیری ئۆزێل و ئامینە لە هۆتێلێکی شاری ئیستەنبووڵ لە ناوچەی بێشیکتاش بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوژینەکەی، بەشدارییان لە زەماوەندەکەدا کرد، ئەردۆغان بووە شاهێدی مارەبڕین و ماوەی کاژێرێک لە زەماوەندەکە مایەوە.