هەفتەیەکی پر لە رکابەریی لە خولی نایابی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی گەڕی دەیەمی خولی نایابی کوردستان، بە رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو یانەی رزگاری و رانیە دەستپێدەکات. لە هەمان گەڕدا شێروانەی پێشەنگ، میوانداریی پاڵەوانی وەرزی رابردوو دەکات و پێشمەرگەی هەولێریش لە ئەرکێکی ئاساندا میوانداریی چوارقوڕنە دەکات.
 
یارییەکانی گەڕی دەیەمی خولی نایابی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە دەستپێدەکات و سبەی چوارشەممە کۆتایی دێت.
 
یانەی رزگاری، یانە تازە سەرکەوتووەکەی دەڤەری گەرمیان، میوانداری یانەی رانیە دەکات و هەریەکەیان ئامانجێکیان هەیە، رزگاری دەیەوێت بە بردنەوەی نزیکبێتەوە لە پلەکانی پێشەوە، رانیەش دەیەوێت بە بردنەوەی ئەم یارییە دووربکەوێتەوە لە ناوچەی دابەزین 
 
رزگاری بە بەرگرییە بەهێزەکەی ناسراوە و رانیەش بە بەرگرییە خراپەکەی، یانەی رزگاری لە هەشت یارییدا تەنیا هەشت گۆڵی لێکراوە، لە بەرامبەردا یانەی رانیە لە هەشت یارییدا 12 گۆڵی لێکراوە، ئەمەش وا لە رزگاری دەکات هەر لە سەرەتاوە هێرشبەرانە یاریی بکات و رانیەش وەک هەموو یارییەکانی پێشوو، پشت بە تواناکانی حەمە رۆناڵدۆ دەبەستێت بۆ هێرشی پێچەوانە. 
 
رزگاری بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە ریزبەندی شەشەمی خولەکە دەبینرێت و رانیەش بە کۆکردنەوەی نۆ خاڵ لە 11ـی ریزبەندییەکە دێت. 
 
هەندرێن – شەقڵاوە 
 
دوو یانەی تەواو لێک جیاواز، دوو ستایلی تەواو لێک جیاواز. ئەگەر بڵێین تیپێک ئاستی خراپ بێت و کەمترین گۆڵی کردبێت و رێژەیەکی زۆر کەمیش گۆڵی لێکرابێت و هیچ بردنەوەیەکی نەبێت، ئەوە پێناسەی یانەی هەندرێنە، لە هەمانکاتدا ئەو یانەیەی کە رێژەیەکی زۆری گۆڵی تۆمار کردووە کە 13 گۆڵە و رێژەیەکی زۆریشی گۆڵی لێکراوە کە 15 گۆڵە، بەڵام تەنیا دوو بردنەوەی هەبێت لە کۆی هەشت یاریی ئەوە پێناسەی یانەی شەقڵاوەیە.
 
شەقڵاوە بەشێوازە هێرشبەرییە بەهێزەکەیەوە دەیەوێت سێیەم بردنەوە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدەست بهێنێت و هەندرێنیش دەیەوێت یەکەم سێ خاڵی وەرزەکەی دوای هەشت یاریی بەدەست بهێنێت. 
 
هەندرێن بە کۆکردنەوەی چوار خاڵ لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندییەکە دەبینرێت و شەقڵاوەش بە نۆ خاڵ لە پلەی 12ـی خولەکە دەبینرێت. 
 
پیشەسازی- سەیدسادق
 
یانەی پیشەسازی بریندار، میوانداری بریندارترین یانەی خولەکە دەکات، کە یانەی سەیدسادقە، پیشەسازی دوای ئەوەی ماوەی 20 یاریی بوو نەدۆڕابوو، یانەکە تووشی نسکۆ بووە و دوایین سێ یاریی تیپەکە هیج یارییەکی نەبردووەتەوە. 
 
سەیدسادق لە سەرەتای وەرزەوە تاوەکو ئەمڕۆ سێ راهێنەری گۆڕیوە و سەیوان فەتاحی راهێنەری پێشووی رانیە، ئێستا راهێنەری یانەکەیە، کێشەی یانەی سەیدسادق هێڵی بەرگرییەکەیەتی و تاوەکو ئێستا 17 گۆڵی لێکراوە، لە بەرامبەردا یانەی دەربەندیخانیش تووشی دۆڕانێکی مێژوویی هات و بە حەوت گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك یارییەکەی دۆڕاند.
 
ئێستا یانەی سەیدسادق کە بە کۆکردنەوەی سێ خاڵ لە پلەی 15ـی ریزبەندییەکە دێت، تیپەکەی مەولوود رەمەزانی راهینەری یانەی پیشەسازیش سەرەڕای ئەوەی سێ یارییە یانەکە تامی بردنەوەی نەکردووە، بەڵام لە پلەی چوارەم بە 14 خاڵ دەبینرێت.
 
شێروانە- ئاکرێ 
 
گرینگترین و بەهێزترین یاریی گەڕەکەیە، لەبەرئەوەی هەردوو یانەکە ئامانجیان بەدەستهێنانی نازناوی خولەکەیە، وەرزی رابردوو ئاکرێ یەکەمی خولەکە بوو و شێروانەش دووەم. 
 
هەردوو یانەکە بە شێوازیکی تەواو هێرشبەری یارییدەکەن و هەردوو تیپ ئامانجیان سێ خاڵی یارییەکەیە و دەیانەوێت لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندییەکەدا بمێننەوە.  
 
یانەی شێروانە ئێستا بەکۆکردنەوەی 19 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندییەکەدا دێت، لەبەرامبەردا یانەی ئاکرێ بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندییەکەدا دێت، بەڵام دوو یاریی کەمتری ئەنجامداوە. 
 
زاخۆ- دەربەندیخان 
 
تیپە ئاستبەرزەکەی بادینان، رووبەڕووی یانەی دەربەندیخان دەبێتەوە، کە یەکێکە لە یارییە بەهێز و پر هێرشەکانی گەڕەکە. 
 
یانەی زاخۆ ماوەی دوو وەرزە بە ئاستێکی سەقامگیردا تێدەپەڕدەبێت، ئەم وەرزەش لە خولی نایابی کوردستان، بەئاستێکی بەرزەوە دەبینرێت، لە کاتێکدا دەربەندیخان لە ناوەڕاستی ریزبەندییەکەدا ماوەتەوە تاوەکو ئێستا. 
 
یانەی زاخۆ بەکۆکردنەوەی 15 خاڵ لە پلەی سێیەمی خولەکە دێت و یانەی دەربەندیخانیش بەکۆکردنەوەی 11 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی دێت. 
 
برایەتی- سیروانی نوێ 
 
یانەی برایەتی، میوانداری یانەی سیروانی نوێ دەکات و بە یەکێک لە گرینگترین یارییەکانی گەڕەکە هەژمار دەکرێت، لەبەرئەوەی هەریەکەیان بیباتەوە، ئەوا ئەگەری هەیە دوو بۆ سێ پلە لە ریزبەندییەکە بجێتە سەرەوە.
 
یانەی برایەتی بەوە ناسراوە لەم وەرزە کە بەرامبەر یانە بەهێزەکانی پێشەوەی ریزبەندی ئاستێکی باش پێشکێش دەکات، بەڵام لەگەڵ یانە مامناوەندەکان تووشی ئاستەنگ دەبێت، چونکە برایەتی یەکێکە لە باشترین تیپەکان بۆ خوێندنەوەی ئاستی تیپی بەرامبەر، بەتایبەت بەرامبەر ئەو تیپانەی بەشێوازێکی هێرشبەریی یارییدەکەن.
 
لە بەرامبەردا سیروانی نوی بە درێژایی وەرز نێچیرێکی ئاسان نەبووە بۆ هیچ یانەیەک و هیچ یانەیەک بەرامبەر یانەی سیروانی نوێ بە ئاسوودەیی یاریی نەکردووە. دوایین پینج یاریی تیپەکە، خاوەن سێ بردنەوە و بەرامبەربوونێک و دۆڕانێکە. 
 
یانەی سیروانی نوێ بەکۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی حەوتەم دێت و برایەتیش بە 12 خاڵ لە پلەی هەشتەم دێت و بە جیاوازی گۆڵ لە دواوەی یانەی برایەتی دێت. 
 
 
پێشمەرگەی هەولێر- چوارقوڕنە 
 
تیپێک لە باشترین کاتەکانی خۆی رووبەڕووی تیپێک دەبێتەوە لە خراپترین ساتەکانی خۆیەتی. پیشمەرگەی هەولێر پێنج یارییە تووشی شکست نەبووە و تیپەکە لە پلەی پێنجەم و شەشەمەوە هاتووەتە دووەم، چوارقوڕنەش سەرەڕای گۆڕینی راهێنەر بەڵام یانەکە تاوەکو ئێستا یەک بردنەوەی نییە و لە پلەی 13ـی ریزبەندییەکە دەبینرێت. 
 
چوارقوڕنە سەرەڕای ئەوەی تیپێکە لە ئاست چاوەڕوانی هاندەرەکانیدا نییە، بەڵام تیپێکی تەواو هێرشبەرییە و یانەکە لە زۆربەی یارییەکاندا شێوازی خۆی دەسەپێنێ بەسەر رکابەرەکەیدا، بەڵام لاوازیی هێڵی بەرگری یانەکە هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی ریسەکەیان لێ ببێتەوە بە خوری. 
 
پێشمەرگە، بەسەرکردایەتی تەها قادر، تیپێکی تەواو ئارامە و هەمیشە ریتمی یاریکردنی زۆر جێگیرە و تیپەکە ناشڵەژێت، لە بەشێکی زۆری یارییەکانی پێشمەرگە بە گۆڵ دوادەکەوێت، بەڵام تیپەکە شێوازی یارییکردنی خۆی لەدەست نادات. 
  
 
ریزبەندی خولی نایابی کوردستان پێش گەڕی دەیەم 
 
1- شێروانە 19 خاڵ 
2- پێشمەرگەی هەولێر 18 خاڵ 
3- زاخۆ 15 خاڵ 
4- پیشەسازی 14 خاڵ 
5- ئاکرێ 13 خاڵ 
6- رزگاری 13 خاڵ 
7- سیروانی نوێ 12 خاڵ 
8- برایەتی 12 خاڵ 
9- دەربەندیخان 11 خاڵ 
10- هەولێر 10 خاڵ 
11- رانیە 9 خاڵ 
12- شەقڵاوە 9 خاڵ 
13- چوارقوڕنە 4 خاڵ 
14- هەندرێن 4 خاڵ 
15- سەیدسادق 3 خاڵ