رووداو دیجیتاڵ
هەردوو یانەی بارسێلۆنا و مانچێستەر سیتی لەم ماوەیەی دواییدا تووشی دابەزینێکی بەرچاوی ئاست و ئەنجامەکان بوون. ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی گوشارەکان لەسەر هەردوو راهێنەر، هانزی فلیک و پێپ گواردیۆلا.
پرسیارەکان لەسەر توانای هەریەکەیان زۆر بوونە، کە ئایا دەتوانن تیپەکانیان بگەڕێننەوە بۆ سەر رێگاکانی بردنەوە و ئایا کاتی ئەوە هاتووە لە کارەکانیان دووربخرێتەوە؟ لەم راپۆرتەی خوارەوەدا با پێداچوونەوە بە بارودۆخی هەر یەکیک لەو دوو تیپە بکەین، و باس لە کاتی گونجاو بۆ دەرکردنی هەر راهێنەرێک بکەین.
بارسێلۆنا: ئایا کاتی رۆشتنی فلیک هاتووە؟
خولی ئیسپانی: بارسێلۆنا دوای دۆڕانی بە ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ پلەی سێیەمی لالیگا دابەزی، لە یارییەکانی ئەم دواییەشدا چەندین خاڵی لەدەستدا. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە بەشێوەیەکی نیگەرانکەر دوور بکەوێتەوە لە کێبڕکێکردن لەسەر نازناوەکە.
مەترسیی دەرچوون لە جامی سوپەری ئیسپانیا: بارسا رووبەڕووی مەترسی دەرچوون لە جامی سوپەری ئیسپانیا دەبێتەوە، بەو پێیەی لە قۆناخی پێش کۆتایی رووبەڕووی ئاتلێتیک بیلباو دەبێتەوە، و لەوانەیە بەزەحمەت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
ئامادەنەبوون: بلاوگرانا بەدەست ئامادەنەبوونی چەند یاریزانێکی هەرە کاریگەری دەناڵێنێت، دیارترینیان ئەستێرەی لاوی لامین یامالە، کە بەهۆی پێکانەوە بۆ ماوەی مانگێک ئامادەنەبێت.
دابەزینی ئاستی لیڤاندۆڤسکی: بارسێلۆنا بەدەست دابەزینی ئاستی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندییەوە دەناڵێنێت، کە لە یارییەکانی رابردوودا چەندین هەلی ئاسانی لەدەستدا و بەهۆی ئەوەوە بارسا لە چەندین سەرکەوتنی گرنگەوە دەناڵێنێت.
کەمی ئەزموونی یاریزانان: یانەی کەتەلۆنی بەدەست کەمی ئەزموونی بەشێک لە یاریزانەکانییەوە دەناڵێنێت. کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەنجامدانی هەڵەی بێهەڵوێست لە یارییە یەکلاکەرەوەکاندا.
ماندووبوونی یاریزانە سەرەکییەکان: بارسا بەدەست ماندوێتی یاریزانە سەرەکییەکانەوە دەناڵێنێت، کە بەپێی ئامارێک، کە ئەم دواییە بڵاوکراوەتەوە، یاریزانە سەرەکییەکانی بە رێژەی 75%ـی خولەکە بەردەستەکان یاری دەکەن، ئەمەش بەڕێژەی 9% زیاترە لە نزیکترین رکابەرەکانی لە هەمان ئاماردا.
ئەگەری سیناریۆی کارەساتبار: ئامادەنەبوونی یامال و دابەزینی ئاستی لیڤاندۆڤسکی و نەبوونی ئەزموونی بەشێک لە یاریزانان، دەتوانێت ببێتە هۆی ئەنجامە کارەساتبارەکان و لەدەستدانی نازناوی سەرجەم خول و پاڵەوانێتییە ناوخۆیی و ئەورووپییەکان.
مانچێستەر سیتی: ئایا کاتی رۆیشتنی گواردیۆلا هاتووە؟
زنجیرەیەک شکستی یەک لە دوای یەک: مان سیتی تووشی زنجیرەیەک شکستی یەک لە دوای یەک بووە بەرامبەر هەموو رکابەرەکانی. لەم دواییانەشدا جێگەی خۆی لە ریزبەندییەکەدا لەدەستدا بۆ یانەکانی نۆتینگام فۆرێست، بۆرنمۆس و ئاستۆن ڤێلا ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بەم زووانە خۆی لەپشت نیوکاسڵ، فولهام و برایتنەوە دەبینێتەوە.
چاکبوونەوەی ئەستێرە پێکراوەکان: لەوانەیە یارمەتی مان سیتی بدات بۆ گەڕاندنەوەی هەندێک ئەستێرەی پێکراوی، وەک: رۆبن دیاز، کایل واکەر و ئەوانی دیکە. ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی باشتربوونی ئەنجامەکان، بەڵام تیپەکە پێشتر یاریزانانی وەک کیڤن دی برۆینی بەدەستهێناوەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاوی هەبێت.
زنجیرەی یارییە قورسەکان: مانچێستەر سیتی لە قۆناخی داهاتوودا رووبەڕووی زنجیرە یارییەکی سەخت دەبێتەوە بەرامبەر ئێڤەرتن، لێستەر سیتی، وێستهام و سالفۆرد سیتی لە جامی یەکێتیدا، جگە لە برێنتفۆرد، ئیپسویچ تاون، پاریس سانجێرمان، چێڵسی و یانەی برۆج.
هەموو ئەم یارییانە تاوەکو کۆتایی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچن، بەبێ ئەوەی تیپەکە زیاتر لە هەفتەیەک پشوو لەنێوان یارییەکانی وێستهام و سالفۆرد وەربگرێت. کە مەترسی دۆڕانی بێزارکەرتر زیاد دەکات.
کەی دەبێت بڕیاری دەرکردن بدرێت؟
بڕیاری دوورخستنەوە دەبێت دوای وردبینی لە هەموو هۆکارەکان بدرێت، لەوانە ئەنجامی تیپەکان، ئاستی یاریزانان و بارودۆخی دەوروبەر.
لەبارەی بارسێلۆناوە، لەوانەیە باشتربێت چاوەڕێی کۆتایی وەرز بکرێت پێش ئەوەی بڕیار لەسەر داهاتووی هانزی فلیک بدرێت، بەتایبەتی کە تیپەکە هێشتا رکابەری لەسەر نازناوی چامپیۆنزلیگ دەکات، دۆخی ئەویش لە خولی ئیسپانیا بەتەواوی خراپ نییە، بەو پێیەی رکابەرەکانیشی خاڵ لەدەست دەدەن.
هەروەها لە دوایین یاری بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدریددا روون بوو کە یانە کەتەلۆنییەکە کۆمەڵێک کاری باش دەکات، هەروەها پێویستی بە هەندێک باشترکردن هەیە لە شتی زۆر سادەدا بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ باشترین ئاستەکانی.
لەبارەی یانەی مانچێستەر سیتییەوە، لەوانەیە باشتر بێت بڕیارێکی خێرا سەبارەت بە داهاتووی گواردیۆلا بدرێت، بەتایبەتی کە تیپەکە تووشی زنجیرەیەک دۆڕانی یەک لە دوای یەک دەبێت.
هەروەها پێدەچێت هەموو تیپەکان لەوە شارەزا بووبن کە چۆن راهێنەرە ئیسپانییەکە بوەستێنن و پێدەچێت پێپ سەرەڕای پابەندبوونی کارگێڕیی یانەکەی پێی، توانای دۆزینەوەی چارەسەری لەدەستدابێت.
چارەنووسی گواردیۆلا جیاواز نابێت لەگەڵ راهێنەرەکەی یۆهان کرۆیف کە لە هەلومەرجێکی هاوشێوەدا لە بارسێلۆنا دوورخرایەوە، دوای ئەوەی هەموو دەرگاکان بە رووخساریدا داخران.
ئەنجام
بڕیاری دوورخستنەوەی راهێنەر یەکێکە لەو بڕیارە قورسانەی کە دەبێت بە وریاییەوە بدرێن و لە حاڵەتی بارسێلۆنا و مانچێستەر سیتیدا پێویستە کارگێڕیی یانەکە پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات، هەموو بژاردە بەردەستەکان بخوێنێتەوە، بەتایبەتی بەهۆی بەزەحمەت دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ پڕۆژە زەبەلاحەکان، کە لە ناوەڕاستی وەرزدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ