هەواڵی خۆش لەبارەی لامین یامالەوە بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا هەواڵی دڵخۆشکەریان لەبارەی لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و پێکانەکەی بڵاوکردەوە، کە ئاماژە بەزوو چاکلبوونەوەی ئەو یاریزانە دەدات.
یامال لە یاریی یانەکەی بەرامبەر لێگانیس دووچاری پێکانبوو لە بەستەرەکانی قاچیدا و بەوەش وەک یانەکەی رایگەیاند، ماوەی چوار هەفتە لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە و پێشبینیدەکرا توانای بەشداریکردن لە جامی سوپەری ئیسپانیای نەبێت.
بارسێلۆنا لە دوای پشووی سەری ساڵ، روو لە سعودیە دەکات بۆ بەشداریکردن لە جامی سوپەری ئیسپانیا کە هەریەکە لە یانەکانی بارسێلۆنا، ریال مەدرید، ئاتلێتیک بیلباو و ریال مایۆرکا بەشداریی تێدا دەکەن.
رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، پێشبینیکراوە یامال لە لیستی یانەی بارسێلۆنادا بێت بۆ گەشتکردن بەرەو سعودیە، بەڵام بەشداریکردنی لە یارییەکانی جامی سوپەردا لەسەدا سەد نییە.
راپۆرتی رۆژنامەکە دەڵێ، ئەو یاریزانە تەمەن 17 ساڵە، لەوانەیە لە یاریی یەکەمی بارسێلۆنا لە جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو بۆ ماوەی 15 تاوەکو 20 خولەک یاریی بکات، بەپێی باشتربوونی دۆخی بەستەرەکانی پاژنەی پێی.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، لە رۆژانی رابردوودا یامال هەستی بەباشییەکی زۆر کردووە لە پێکانەکەیدا و ئەگەری گەشتکردنی بەرەو سعودیە، ئەگەرێکی بەهێزە.
یامال، بەشداریی دوایین یاریی بارسێلۆنای لە لالیگا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید نەکرد، کاتێک تیپەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک دۆڕا و بەوەش پێشەنگی ریزبەندی لالیگای لە بەرژەوەندیی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەدەستدا.
لامین ئەمساڵ بەشداری لە 21 یاریی بارسێلۆنا کردووە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان و شەش گۆڵ و 12 ئەسیستی هەیە.