ریال مەدرید چەکێکی بەهێزی بەدەستەوەیە بۆ سەرکوتکردنی رکابەرەکانی

24-12-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سانتیاگۆ بێرنابیۆ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ریال مەدرید، لە لالیگادا چەکێکی زۆر بەهێز و کاریگەری هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی نازناوەکە لە بەرژەوەندی خۆیدا، بە بەراورد بە رکابەرەکانی، کە بێگومان ئەو چەکە هاندەرێک دەبێت بۆ یاریزانەکانی کە لە کاتی دەستپێکردنەوەی یارییەکان لە ساڵی 2024 بتوانن پارێزگاری لە پێشەنگییەکەیان بکەن.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، هەرکاتێک یارییەکان لە کۆتایی هەر هەفتەیەکدا دەستپێدەکەنەوە، تیپەکەی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەر لەژێر گوشاردا کاردەکات بۆ بەرگریکردن لە پێشەنگییەکەی، ئەمەش شتێکە کە تیپی شاهانە زۆر پێی راهاتووە.
 
ریال مەدرید چەکێکی بەهێزی دەبێت کە لە شەڕەکەیدا بۆ پاراستنی پلەی یەکەمی لالیگا هێشتا بەکاری نەهێناوە، ئەویش یاریکردنی یارییە بەهێزەکانە لەنێو قەڵای سانتیاگۆ بێرنابیۆدا.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، ریال مەدرید، لە یارییەکانی دیکەی لالیگادا، بەختی باشی دەبێت کە لە یاریگای بێرنابیۆدا رووبەڕووی هەر چوار رکابەرکەی دەبێتەوە، کە بریتین لە جیرۆنا، بارسێلۆنا، ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئاتلێتیک بیلباو، کە ئەمانە رکابەری سەرەکی ریال مەدریدن لە خولی ئیسپانیا لەم وەرزەدا.
 
ریال مەدرید لە قۆناخی یەکەمدا لە یاریگەکەیاندا رووبەڕووی ئەو چوار یانەیە بووەتەوە، و سەرکەوتوو بووە لە کۆکردنەوەی 9 خاڵ لە کۆی 12 خاڵ، تەنیا بە ئاتلێتیکۆ مەدرید دۆڕاوە.
 
ریال مەدرید لە گەڕی 23 بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید یاری دەکات. راستەوخۆ دوای ئەوە لە گەڕی 24 رووبەڕووی جیرۆنا دەبێتەوە. لە گەڕی 30 ئاتلێتیک بلباو، دواجاریش لە گەڕی 32 لە یاریی ئیل کلاسیکۆدا میوانداری بارسێلۆنا دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە